عێراق دەست بۆ دروستكردنی وزەی ئەتۆم دەبات

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 121 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری دەستەی وزەی ئەتۆمی عێراق ئاشكرایكردوە، هەنگاو دەنێن بۆ هێنانی تەكنەلۆژیای وێستگە ئەتۆمییەكان بۆ دەستكەوتی كارەبا بەكاریدەهێنن.


منیر کازم، جێگری سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمیی عێراق بەڕۆژنامەی (سەباح)ـی ڕایگەیاندوە، لەڕێگەی دەستەکەیانەوە هەنگاو دەنێن بۆ تاوتوێکردنی هێنانی تەکنەلۆژیای وێستگە کارۆئەتۆمییەکان بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا و کۆتاییهێنان بەو قەیرانەی چەندین ساڵە عێراق پێوەی دەناڵێنێت.

ئاامژەی بۆ ئەوەشكردوە، لەئێستادا لیژنەیەکی باڵا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ دیاریکردنی شوێنی گونجاو و دابینکردنی سەرچاوەی ئاو بۆ ئەو وێستگانە.

جێگری سەرۆكی دەستەكە ڕونیشیدەكاتەوە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بەهەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و وڵاتانی پێشکەوتوی ئەو بوارە دەبێت.

لەبەرامبەردا درید عەبدوڵا، شارەزای بواری وزە بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندوە، کە ئەمە چارەسەرێکی خێرا نییە بۆ کێشەی کارەبا، چونکە دروستکردنی تەنیا یەک وێستگەی یەک گێگاواتی پێویستی بەنزیکەی هەشت ملیار دۆلار هەیەو پرۆسەی بنیاتنانیشی لەباشترین دۆخدا شەش ساڵ دەخایەنێت.

ئەو شارەزایەی بواری وزە دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی عێراق لەئێستادا خاوەنی هیچ سیستەمێکی ئەتۆمی نییە، دەبێت سەرجەم ژێرخان و کادرە زانستییەکانی لەسفرەوە دروست بکات،  ئەمەش وا دەکات تێچوی بەرهەمهێنانی هەر کیلۆواتێک کارەبا لەساڵەکانی سەرەتادا بەرز ببێتەوە بۆ 50 سەنت، کە ئەمەش نرخێکی زۆر بەرزە.