شارپرێس:
سێ سەرچاوەی عێراقی و سوری و رۆژئاوایی ئاشکرایانکرد کە
عێراق و سوریا بەنێوەندگیری ئەمریکا لەهەوڵدان بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئابوری،
کە پێشبینی دەکرێت لەکاتی سەردانەکەی عەلی زەیدیی بۆ ئەمریکا لەم مانگەدا، ئەسعەد
شەیبانی وەزیری دەرەوەش بچێتە ئەمریکا و رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.
رۆژنامەی "الشرق الأوسط" لەزاری سەرچاوەیەکی
سورییەوە بڵاویکردوەتەوە، تۆم باراک نێردەی ترەمپ بۆ عێراق و سوریا سەرپەرشتی ئەو
رێککەوتنە دەکات کە چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان بەغدا و دیمەشق واژۆ بکرێت، ئەگەریش
هەیە لەداهاتودا وڵاتانی دیکەش بێنە ناو رێککەوتنەکەوە.
هاوکات، راوێژکارێکی
سیاسی لەحکومەتی پێشوی عێراق دوپاتیکردوەتەوە کە تیمی عەلی زەیدی ئامادەکاری دەکەن
بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئابوری ناوچەیی، کە سوریاش لەخۆدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە،
سەرچاوەیەکی عێراقی ئاماژەی بەوەکردوە، عەلی زەیدی رۆژی 15ی ئەم مانگە دەچێتە
ئەمریکا و گەشتەکەی بۆ ئەو وڵاتە چوار رۆژ دەخایەنێت، تێیدا چاوی بە سەرۆکی
ئەمریکا و بەرپرسانی هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتەکان دەکەوێت، لەهەمان کاتدا چاوی
بە نوێنەری کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان دەکەوێت.
لە تشرینی دوەمی ٢٠٢٥ عێراق و سوریا
ڕێککەوتن لەسەر راسپاردنی ڕاوێژکارێک بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بۆری کەرکوک- بانیاس، لە
هەڵسەنگاندنەکەدا دەرکەوت کە لەئێستادا ئەو بۆرییە بەتەواوی پەکی کەوتوەو ناتوانرێر
کاری پێ بکرێت، ئەمەش وایکردووە هەردوولا بیر لە دروستکردنی بۆرییەکی نوێ و هاوتەریب
بکەنەوە.
پڕۆژەی کەرکوک- بانیاس لە ساڵی
1952 دروستکرا، بۆ ئەوەی عێراق لەڕێی خاکی سوریاوە نەوتەکەی بگەیەنێتە دەریای سور،
دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا لە ساڵی 2003 کارکردن
بەو بۆرییە راگیرا، دواتریش بۆرییەکە لە کاتی شەڕی داعشدا زیانی زۆری بەرکەوت.
