"بێدەنگبە، تۆ بێزارکەری!"؛ ترەمپ‌و کۆشکی سپی هێرشێکی توند دەکەنەسەر كچه‌ ڕۆژنامه‌نوسێك

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەنوسینگەی (ئۆڤاڵ ئۆفیس) لەکۆشکی سپی، گۆڕا بۆ مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەیەکی توند لەنێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو کریستن هۆڵمز پەیامنێری تۆڕی (CNN)، ئەم ڕوداوە کە ڕۆژی دوشەممە 17ی ئاب ڕویدا، شەپۆلێکی ناڕەزایی لەناوەندە میدیاییەکاندا لێکەوتەوە.


"بێدەنگ ببە!"
لەکاتی کۆنگرەکەدا، کریستن هۆڵمز پرسیارێکی ئاراستەی ترەمپ کرد سەبارەت بەبڕیارە کتوپڕەکەی بۆ کەمکردنەوەی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکاو کۆریای باشور، ترەمپ بەتوڕەییەکی زۆرەوە وەڵامیدایەوەو هاواریکرد، "بێدەنگ ببە! بێدەنگ ببە! تۆ کەسێکی بێزارکەریی‌و هەواڵی چەواشە دەگوازیتەوە".

پرسیارێک لەسەر یاریدەدەرە نزیکەکەی ترەمپ
توڕەییەکەی ترەمپ دوای ئەوەهات کە هۆڵمز داوای لێکرد وەڵامی لێدوانەکانی سیناتۆرێکی دیموکرات بداتەوە سەبارەت بەناتالی هارپ (تەمەن 35 ساڵ) کە یاریدەدەرێکی جێبەجێکاری نزیکی ترەمپە، ناتالی لەمدواییانەدا بوەتە جێی سەرنجی میدیاکان، چونکە یەکێکبوە لەوکەسە کەمانەی لەگەشتە نهێنییەکەی مانگی تەمموزدا بۆ ئەنكەرە یاوەری ترەمپی کردوە بۆ گۆڕینی فڕۆکەی سەرۆکایەتی.

سیناتۆر جۆن ئۆسۆف تۆمەتباریکردبوو کە ترەمپ لەبری ئەوەی ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت، سەرقاڵی گەشتکردن‌و بونیادنانی هۆڵی ئاهەنگگێڕانە لەگەڵ ناتالی، ترەمپ لەوەڵامدا بەرگریی لەپڕۆژەی بیناسازییەکەی کرد، بەڵام ناوی یاریدەدەرەکەی نەهێنا.

هێرشی کۆشکی سپی بۆ سەر منداڵەکانی پەیامنێرەکە
هێرشەکە تەنها لەناو کۆنگرەکەدا نەوەستا؛ هەژماری (وەڵامی خێرا)ی کۆشکی سپی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، گرتەیەکی کورتی وەڵامەکەی ترەمپی بڵاوکردەوەو پەیامنێرەکەی بە"مایەی شەرمەزاریی‌و ئابڕوچوون بۆ پیشەکەی" وەسفکرد.

تەنانەت هەژمارەکە هێرشیکردەسەر ژیانی تایبەتی هۆڵمزو نوسییان، "ڕۆژێک دێت منداڵەکانت ئەم پرسیارە قێزەون‌و نائینسانییەت دەبینن‌و شەرمەزاردەبن کە دایک یان باوکیان هێندە دڵڕەق‌و كین له‌دڵ بوە".

بەرگریی CNN لەپەیامنێرەکەی
تۆڕی هەواڵی (CNN) لەبەیاننامەیەکدا بەتوندی بەرگریی لەکریستن هۆڵمز کردو ڕایگەیاند، ئەو یەکێکە لەڕۆژنامەنوسە هەرە پرۆفیشناڵه‌كان لەڕوماڵه‌كانى کۆشکی سپیدا، CNN وتی، "هێرشی کەسیی بۆسەر ڕۆژنامەنوسان تەنها لەبەرئەوەی ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن‌و پرسیاردەکەن، لەخوار ئاستی پۆستی سەرۆکایەتییەو بەتەواوی دژی بنەماکانی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە".