شارپرێس:
تاران پەیامێکی هەژێنەر ئاراستەی واشنتۆنو پایتەختەکانی ئەوروپا دەکاتو ڕایدهگهیهنێت، "چیتر جەنگ لەسنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێنێتەوە"، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز"، ئێران لەوەڵامی هەر هێرشێکی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر ژێرخانە هەستیارەکانی، ئامادەکاریکردوە بۆ وەشاندنی گورزی موشەکی لەبنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوجەرگەی ئەوروپا، بەتایبەت لەوڵاتانی بولگاریاو قوبرس.
سەرچاوەکانی نزیک لەناوەندی بڕیار لەتاران ئاشکرایانکردوە، هێرشەکەی سەر بنکەیهكى ئەمریکی بەناوی (تاوەر 22) لەئوردن لەمانگی کانونی دوەمی 2024، تەنها مانۆڕێکی تاقیکردنەوە بوە بۆ سەلماندنی توانای "موشەکی وردی مەودا درێژ"، تاران بەم هەنگاوە دەیسەلمێنێت کە خاکی ئەوروپا لەژێر سێبەری موشەکەکانیدایە، هاوکات، هەڕەشەیەکی دیكهى بێپەردە خراوەتەڕوو؛ ئەویش بەئامانجگرتنی کێبڵە دەریاییەکانی "فایبەر ئۆپتیک" لەگەروی هورمزە، کە دەبێتە هۆی پەکخستنی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانی جیهان.
لەکاتێکدا زمانی هەڕەشە لەهەڵکشاندایە، گۆڕانکارییەکی گەورە لەناوخۆی ئێراندا ڕویداوە، ڕەوتی (پراگماتیست ـ میانڕهو) بەسەرۆکایەتی قالیباف پەراوێزخراوەو باڵی توندڕەوی سوپای پاسداران جڵەوی بڕیاری ئەمنیی گرتوەتە دەست، دانانی موحسین ڕەزایی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییو بەهێزبونی هەژمونی موجتەبا خامنەیی، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە تاران بڕیاریداوە "بەبێ هیچ کۆتوبەندێک" ڕوبەڕوی هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا ببێتەوە.
ئەم وەرچەرخانە توندەی تاران نیشانیدەدات کە ئێران تێچوی جەنگی بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەرزکردوەتەوە؛ جەنگێک کە ڕەنگە ئەمجارە لەسنورە هەرێمییەکان تێپەڕێتو کیشوەرە کۆنەکە (ئەوروپا) بکاتە سوتەمەنیی ململانێیەکی بێوێنە.
