شارپرێس:
سەرەڕای تێپەڕبونی زیاتر لهشهش مانگ بەسەر ڕێککەوتنامە سەرەتاییەکانو گەشبینییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانی سوریا، پڕۆسەی یەکگرتنەوەو دیالۆگی نێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق گەیشتوەتە بنبەستێکی مەترسیدار، پێداگریی حکومەتی سوریا لەسەر گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی دەسەڵاتی ناوەندیی ڕەهاو پشتگوێخستنی مافە نەتەوەییو سەربازییەکانی باکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان)، وایکردوە مێزی گفتوگۆکان ببێتە گۆڕەپانی ململانێی دوو جیهانبینی جیاواز؛ یەکێکیان خەون بەگەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش 2011 دەبینێتو ئەوی دیكهش جەخت لەسەر سوریایەکی نوێو دیموکراسییو فرەڕەنگ دەکاتەوە.
لەکاتێکدا هیوایەکی کەم بۆ چارەسەری سیاسیی لەسوریا دەبینرا، جارێکی دیكه تەمومژی "مانەوە لەچوارچێوەی عەقڵییەتی کۆن" باڵی بەسەر پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی دیمەشقدا کێشایەوە، بهگوێرهى نوێترین زانیارییەکان، پێداگریی دیمەشق لەسەر سەپاندنی مەرجەکان نەک دانپێدانان بەمافەکان، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی (ئینتیگراسیۆن)ی گەیاندوەتە بنبەست.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی ماڵپهڕى ژیان نیوز بڵاویكردوهتهوه، لەکۆبونەوەکانی ئەمدواییەی نێوان وهفدى ڕۆژئاوا (بەسەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدیو ئیلهام ئەحمەد)و بەرپرسانی دیمەشق دزەیانکردوە، چەند خاڵێکی سەرەکی بونەتە بەربەستی گەورە، بۆ نمونه، دیمەشق هێشتا وەک "وانەیەکی بژاردە"و تەنها بۆ ماوهى دوو کاتژمێر سەیری خوێندنی زمانی کوردی دەکات، لەکاتێکدا ئیدارەی خۆسەر داوای ستاتۆیەکی فەرمیو سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر دەکات.
لهو زانیاریانهى ئاشكراكراون یهكێكى دیكه لهبهربهستهكانى یهكگرتنى ئیدارهى خۆسهرو حكومهتى دیمهشق ستاتۆی یەپەژەیه، وهكو ئاماژهى پێكراوه، "ئهو پرسه یهكێكه لەکێشە هەرە گەورەکان، چونكه دیمەشق نایەوێت وەک قەوارەیەکی تایبەت دانی پێدابنێت، ههروهك کوردان داوای بەشداریکردنی ڕاستەقینە دەکەن لەباڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکانو پۆستە باڵاکانی دەوڵەت، بەڵام وەڵامی دیمەشق تەنها داواکردنی لیستی ناوەکانە بێ گەرەنتییەکی سیاسیی".
ئهوهش باسكراوه، هاوتەریب لەگەڵ ساردیی سەر مێزی گفتوگۆکان، دۆخی مەیدانییش بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، هێرشکردنەسەر ئەو هاوڵاتییە ئاوارانەی دوای حەوت ساڵ ویستیان بگەڕێنەوە بۆ "سەرێکانی"و شەهیدبونی دوو شەڕڤان لەقامیشلۆ، ئاماژەی مەترسیدارن، ئەم ڕوداوانە ئەو پرسیارە دەوروژێنن: ئایا دیمەشق بەڕاستی دەیەوێت ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم جێبەجێبکات، یان تەنها دەیەوێت کات بکوژێت؟
پارێزەر جوان ئیسۆ بەرپرسی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، ئاماژە بەوەدەکات، نزیکەی 100 هەزار کەس لەچاوەڕوانیی گەڕانەوەدان، هەرچەندە باس لەگەڕانەوەی بەشێک لەخێزانەکان بۆ ناوچەکانی وەک عەفرین دەکرێت، بەڵام ئەوکەسانەی گەڕاونەتەوە ڕوبەڕوی هەزارو یەک کێشەی ئەمنیو لۆجستی بونەتەوە، ئەمەش نیشانیدەدات کە "گەڕانەوەی ئارام" هێشتا تەنها دروشمێکی سەر کاغەزە.
لهكۆتایی زانیارییهكاندا ئاماژه بهوهشكراوه، دوای تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر ڕێککەوتنامە سەرەتاییەکان، دیمەشق هێشتا لەبازنەی عەقڵییەتی تاکڕەوی نەهاتوەتە دەرێ، پێداگریی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە دیموکراتییەکانی ڕۆژئاواو توانەوەیان لەناو سیستمە کۆنەکەدا، پڕۆسەی ئاشتیی پەکخستوە.
