پەیمانگایەکی ئیسرائیلی هۆشداریی توند لەڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی لەگەڵ تورکیا لەسوریا دەدات‌و داوای ڕێکخستنی نوێی هێڵە سورەکان دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1850 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگه‌ی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل (INSS)، لەڕێگەی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی ڕۆژنامەی "جێرۆزالیم پۆست"، هۆشداریدا لەمەترسیی کڵپەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئەنكەرە لەناوخاکی سوریادا؛ پەیمانگه‌کە داوا لەدەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکات، لەجیاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ڕەها، پێناسەو ڕێکخستنێکی نوێ بۆ هێڵە سورەکانی خۆی دابنێت‌و دەروازەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق بکاتەوە.


ڕۆژنامەکە لەزاری کارمێت ڤالێنسی سەرۆکی پرۆگرامی توێژینەوەی سوریا لەپەیمانگاکە ئاشکرایدەکات، ئیسرائیل دەبێت ڕێبازێکی کەمتر توندڕەو بەرامبەر بەبونی سەربازیی تورکیا لەباکوری سوریا بگرێتەبەر.

ئەم لێکۆڵینەوەیە پاش ئەوەهاتوه‌، فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەئابی ڕابردودا بنکەی سەربازیی (ئەبو زوھور)یان لەڕیفی ئیدلب بۆردومانکرد، بەهۆی ترسی تەلئەبیب لەجێگیرکردنی سیستەمی فەرماندەیی سەربەخۆی تورکی لەو بنکەیەدا کە تەنگژەیەکی دیپلۆماسیی گەورەی لەنێوان (ئیسرائیل، تورکیا، سوریاو ئەمریکا)دا دروستکرد.

توێژینەوەکە جەختدەکاتەوە، نابێت جێگیرکردنی سیستەمی ڕادار، جەنگی ئەلیکترۆنی، یان بەرگریی ئاسمانیی تورکیا لەباکوری سوریا بکرێتە پاساوی هێرشی سەربازیی؛ چونکە مەودای ئەو ڕادارانە هاوشێوەی ئەو سیستەمانەیە کە ئێستا لەباشوری تورکیاو باکوری قوبرسدا هەن‌و هاوسەنگیی هێز ناگۆڕن، بەڵام لەهەمانکاتدا داوادەکات ئیسرائیل هێڵە سورەکانی لەناوەڕاست‌و باشوری سوریا (بەهۆی نزیکیان لەسنوری ئیسرائیل) زیاتر توندبکاتەوە.

پەیمانگه‌كه‌ هۆشداریدەدات کە بەردەوامبونی ئیسرائیل لەسەر هێرشە سەربازییەکان بەبێ هەبونی هێڵێکی دیپلۆماسیی هاوتەریب لەگەڵ دیمەشق، ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە؛ چونکە بونی تورکیا لەسوریا بوەتە ڕاستییەکی سەلمێندراو کە تەنها بەهێزی سەربازی کۆتایی نایەت.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەئێستادا پاڵپشتییەکی گەورە پێشکەش بەئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا دەکات کە ئەمەش ڕەنگە لەداهاتودا وا لەواشنتۆن بکات فشاربخاتەسەر ئیسرائیل تا بەبێ بەدەستهێنانی هیچ دەستکەوت‌و گرەنتییەکی ئەمنی، لەناوچە دابڕاوەکان پاشەکشێ بکات، هاوكات نەیارێتیی گشتگیری ئیسرائیل بۆ بونیادنانەوەی سوپای نوێی سوریا، دیمەشق زیاتر دەخاتە باوەشی ئەنكەرەوە.

ڕۆژنامەکە باسى له‌خاڵێكى هه‌ستیارى هه‌واڵگریى ئیسرائیل كردوه‌و نوسیویه‌تى، "بەشێک لەبەرپرسانی دەزگای مۆساد ئامادەیییان نیشانداوە بۆ تاقیکردنەوەی سەرکردایەتیی نوێی سوریا (ئەحمەد شەرع) تا بزانن ئایا دیمەشق سەقامگیریی هەڵدەبژێرێت یان بەردەوامدەبێت لەڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا".

ئەم ڕێبازە دیپلۆماسییەی پەیمانگاکەو مۆساد لەکاتێکدایە کە گدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشتر بەفەرمی ڕایگەیاندبوو، تەلئەبیب بەهیچ شێوەیەک بونی بنکەکانی تورکیا لەسوریا قبوڵناکات‌و ئەوە هێڵی سورە.

ژەنەراڵە خانەنشینکراوەکانی ئیسرائیل (گابی سیبۆنی‌و ئێرێز وینەر) هۆشداریدەدەن، ئەگەر ڕێگریی لەفراوانبونی سەربازیی تورکیا نەکرێت، ئەنكەرە لەداهاتودا دەبێتە هێزێکی ناوچەیی هاوشێوەی ئێران کە دەتوانێت لەڕوی سەربازیی‌و ئابورییەوە ئیسرائیل گەمارۆبدات؛ بۆیە داوای توندکردنی هاوکاریی ئەمنییان لەگەڵ یۆنان‌و قوبرسدا کرد دژ بەهەژمونی تورکیا.

هه‌موو ئه‌و په‌یام‌و هۆشداریانه‌ش له‌كاتێكدایه‌، وەزیری بەرگریی تورکیا له‌په‌یامێكى ڕون‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا وتویه‌تى، "هیچ پلان یان بەرنامەیەکمان بۆ پاشەکشێ لەسوریاو عێراق نییەو گوێ بەقسەی هیچ کەسیش نادەین".