شارپرێس:
ئیتسحاق هەرستۆگ سەرۆکی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشداریی لەکۆبونەوەی لوتکەی کۆنفرانسی کارلێکو ڕێکارەکانی دروستکردنی متمانە لەئاسیا "سیكا" کرد کە لەباکۆی پایتەختی ئازەربایجان، بەڕێوەچوو، بەرپرسانی چەندین وڵات لەوانە (قەتەر، ئێران، تورکیا، ڕوسیاو چین) تێیدا بەشداربون.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، پێشئەوەی هەرستۆگ وتارەکەی پێشکەشبکات، نوێنەرانی (تورکیا، کوەیت، ئێران، پاکستانو دەسەڵاتی فەڵەستین) هۆڵی کۆبونەوەکەیان جێهێشت، بەڵام تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر، لەهۆڵەکەدا مایەوە.
ڕێکخستنی شوێنی دانیشتنەکانیش سەرنجی ڕاکێشا؛ هەرستۆگو جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاساییو نێودەوڵەتیی لەهەمان لای مێزەکە دانیشتبونو چوار کورسی لەنێوانیاندا بوو.
سەرۆک وەزیرانی کەمبۆدیاو جێگری سەرۆکی ڤێتنامو وەزیرانی دەرەوەی تورکیاو بەحرەین ئەو کورسییانەیان داگیرکردبوو، ئەمیری قەتەریش لەلایەکی دیكهى ئیلهام عەلییەف سەرۆکی ئازەربایجان دانیشتبوو، لەکاتێکدا وەزیرانی دەرەوەی چینو ڕوسیا لەتەنیشت یەکتربون.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "میدڵ ئیست ئای"، هەرستۆگ بەفڕۆکەیەکی بازرگانیی کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی ئازەربایجان گەیشتە باکۆ، لەبەرئەوەی تورکیا ڕێگە بەفڕۆکە حکومییەکانی ئیسرائیل نادات بەئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێپەڕبن.
داتاکانی ماڵپەڕی "فلایت ڕادار 24" نیشانیدەدەن کە فڕۆکەی ژمارە "J222" لەکاتژمێر 11:35 لەتەلئەبیبەوە بەرەو باکۆ بەڕێکەوتوەو بەئاسمانی تورکیادا تێپەڕیوە.
سەرچاوەیەکی تورکیی ئاگادار بەماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندوە، ئازەربایجان ئاگاداری نەکردوهتەوە کە سەرۆکی ئیسرائیل لەفڕۆکەکەدا بوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، کۆتوبەندەکانی تورکیا تەنها فڕۆکە حکومییەکانی ئیسرائیل دەگرنەوەو فڕۆکە مەدەنییەکان هێشتا دەتوانن بەئاسمانی تورکیا تێپەڕبن.
