سەربارى خەرجییە سەربازییە زەبەلاحەکانی سعودیە، بۆچی توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ى موشەکی حوسییەکانی نییە؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێرشە خوێناوییەکانی ئەمدواییە حوسییەکانی یەمەن بۆسەر سعودیە، لاوازیی توانای ڕیازی لەبەرەنگاربونەوەی ئەو هێرشانەدا ئاشکراکردوە، بەشێوەیەک بەردەوامیی هێرشەکان بەموشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کاریگەرییان لەسەر وێنەی سعودیە وەک ناوچەیەکی سەقامگیر داناوە.


هەڵکشانی ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە لەمانگەکانی دواییدا شەڕی ناوخۆی یەمەن جارێکی دیکە هەڵگیرساوەتەوە؛ شەڕێک کە لەنێوان حکومەتی یەمەنیی دانپێدانراو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی‌و حوسییەکاندا بەردەوامەو هاوپەیمانێتییەک بەسەرکردایەتیی سعودیە پشتگیریی حکومەتەکە دەکات.

سەرەڕای ئەوەی سعودیە بڕێکی زۆری پارەی بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتوو خەرجکردوە، هێرشە خوێناوییەکانی دوایی، بەتایبەتی ئەوەی فڕۆکەخانەی ڕیازی کردوه‌تە ئامانج، کەموکوڕییەکانی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتەی خستوه‌تەڕوو.

فڕۆکەخانەی ڕیاز ڕۆژی شەممە بوە ئامانجی توندترین هێرش بۆسەر سعودیە لەزیاتر لە10 ساڵی ڕابردودا.

ئەم هێرشە بوە هۆی کوژرانی 12 کەس‌و برینداربونی زیاتر لە300 کەسی دیکە، کە ئەمەش وایکردوە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆیان بکەنەوە لەچونە فڕۆکەخانەکە.

هێرشە دوبارەکانی حوسییەکان فشارێکی زیاتری خستوه‌تەسەر سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعودیەو پێدەچێت کۆگای موشەکە بەرپەرچدەرەوەکان کەمبکات، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەکەمیی ئەمجۆرە تەقەمەنییە لەئاستی جیهاندا دەکەن.

هەرچەندە هێزە سعودییەکان توانیویانە ژمارەیەک موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا تێکبشکێنن، بەڵام هەندێکی دیکە توانیویانە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی تێپەڕێنن‌و ئامانجەکانیان، لەوانە فڕۆکەخانەی ڕیازو دامەزراوە نەوتییەکان، بکەنە ئامانج.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید کە یەکێکە لەگەورەترین فڕۆکەخانەکانی جیهان لەڕوی ڕوبەرەوە، لەدوری نزیکەی 35 کیلۆمەتر لەناوەندی شاری ڕیاز هەڵکەوتوەو ڕوبەرەکەی دەگاتە 225 کیلۆمەتر چوارگۆشە.

ئەندریاس کریگ لەکۆمپانیای "مینا ئەناڵیتیکا"ی تایبەتمەند بەشیکاریی مەترسییەکان لەلەندەن وتویه‌تى، "تەنانەت سیستەمێکی بەرگریی چەند چینیش، کە موشەکەکانی پاتریۆت‌و ساد، فڕۆکە جەنگییەکان‌و ئامێرەکانی هەستپێکردنی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت، ناتوانێت چەتری بەرگرییەکی تەواو دابین بکات بۆ وڵاتێک بەقەبارەی سعودیە کە ڕوبەرەکەی نزیکەی 2.2 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە".