شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سیاسیی گرنگدا، بهسێ هۆزات بونی میکانیزمو هێڵێکی بەردەوامی پەیوەندیی لەنێوان ئەوان، دەوڵەتی تورکیاو ئۆجەلاندا پشتڕاستکردەوە، جەختیشدهكاتهوه، یاسای لێبوردنی نوێ ناتوانێت هیچ قەیرانێک چارەسەربکات، دهشڵێت، "ئەگەر پێوەر لەیاساکەدا تەقەنەکردن بێت، دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازادبکرێت، چونکە ئەو تەنانەت یەک فیشەکیشی بەو دەوڵەتەوە نەناوەو دەبێت دەستبەجێ پێگەی یاسایی فەرمیو مافی ئومێدی پێبدرێت".
هاوسەرۆکی کۆنسەی بهڕێوهبهرى كهجهكه بەتوندی تەواوی ئەو پڕوپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە باسی ناردنی وهفدى سەدان کەسی دەکەن بۆ دورگەی ئیمراڵیو ڕایگەیاند، بەبێ دابینکردنی مەرجەکانی کارکردنی ئازاد بۆ ئۆجەلان، ئەم هەنگاوانە هیچ بنەمایەکیان نییە.
هۆشداریدایە دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە کە ئەگەر دۆزی کورد بەرەو چارەسەرییەکی دیموکراتیکو دانپێدانان بەدیموکراسیی ناوخۆییدا نەچێت، هیچ پڕۆسەیەک لەوڵاتەکەدا سەرکەوتویی بەخۆیەوە نابینێت.
بهسێ هۆزات لهدیدارێكدا لهگهڵ كهناڵى (t24) ئاشکراشیکرد، دانانی چەک لەلایەن ئەوانەوە پڕۆسەیەکی تەواو هێمایی بوو کە نیشانەی تێپەڕین بوو بەرەو «ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک»و نیشاندانی هاوسەنگیو بڕیاردانی جدیی ئەوان بوو لەم مەلەفەدا، ئاماژەی بەوەشدا، سەرهڕای 20 ساڵ گۆڕانکاریی لەتێڕوانینو بیرکردنەوەیاندا، بەڵام بەهۆی بەردەوامبونی هێرشەکانی دەوڵەتو نەبونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری سیاسیی، خەباتی چەکداریی، بەناچاری بەردەوامبوو، لەم تەمەنە نوێیەدا، ئەگەر دەوڵەت هەنگاوی جدی بنێت، ئێمە ئامادەین بۆ کاری سیاسیی ئاشتیانە".
هاوسەرۆکی كهجهكه بونی کەناڵو میکانیزمێکی پەیوەندیی نێوان ئەوانو دەوڵەت پشتڕاستکردەوە کە لەڕێگەیەوە ناوه ناوه کۆبونەوە ئەنجامدەدرێت، هۆزات ڕونیکردەوە کە هێڵەکانی پەیوەندیی بۆ گەیاندنی بۆچونەکانیان بەئۆجەلانو دەسەڵاتداران بەردەوامە.
سەبارەت بەیاسای چوارچێوەی نوێ (یاسای لێبوردن)، هۆزات ڕەخنەی توندی گرتو وتی، "یاساکە پڕە لەدژبەیەکی؛ چونکە تێیدا جیاکاریی لەنێوان "ئەوانەی دەستیان لەچالاکیی سەربازیدا هەبوەو نەبوە" کراوە، جەختیشیکردەوە، "ئەگەر مەبەست لەبەشدارینەکردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت سودمەندبێت؛ چونکە ئەو تەنانەت یەک فیشەکیشی بەم دەوڵەتەوە نەناوەو دەبێت دەستبەجێ مافی ئومێدی پێبدرێتو ئازادبکرێت".
بهسێ هۆزات لهپهیامێكدا بۆ دهسهڵاتدارانى ئهنكهره، داوای یاسایەکی گشتگیرو گرەنتیدارى کرد کە سەرجەم کادیرو سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکە بێ جیاکاریی بگرێتەوە.
هۆزات بەتوندی ئەو دەنگۆو باسانەی ڕەتکردەوە کە باسی ناردنی وهفدێكى 200 یان 300 کەسی دەکەن بۆ دورگەی ئیمراڵیو ڕایگەیاند، "تائەوکاتەی گۆشەگیریی سەرتاسەری لەسەر ئۆجەلان لانەبرێتو مەرجەکانی کارکردنی ئازادی بۆ دابین نەکرێت، ناردنی کەس بۆ ئیمراڵی مەحاڵەو نابێت باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە بکرێت".
ناوبراو جەختیکردەوە، دەبێت پێگەی یاساییو دەستوریی فەرمی بۆ ئۆجەلان دابنرێت تا بتوانێت پڕۆسەکە بەڕێوە ببات؛ چونکە بەبێ گرەنتیی یاسایی، دەسەڵاتداران دەتوانن لەهەر کاتێکدا دۆخەکە قورستربکەنەوە.
لەکۆتاییدا هۆزات هۆشداریدا کە ئەگەر دۆزی کورد بەرەو چارەسەرییەکی دیموکراتیکو دانپێدانان بەدیموکراسیی ناوخۆییدا نەچێت، هیچ پڕۆسەیەک سەرکەوتونابێت، چونکە پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه) خۆی دەرئەنجامی 100 ساڵ سیاسەتی ئینکارکردنو سڕینەوەی ناسنامەی کوردە لەناوچەکەدا.
