شارپرێس:
زنجیرەیەک ڕوداوو ئاگادارکردنەوەی ئەمنیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەوروپا،
دڵڕاوکێی توندیان لەبارەی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان دروستکردوە،
لەماوەی کەمتر لەدوو هەفتەدا، چەندین پێشهاتی ئەمنیی، مۆتەکەی تیرۆریان گەڕاندەوە بهرچاو،
لەڕوداوی فڕۆکەکەی کۆمپانیای فلای دوبەییو لێکۆڵینەوە لەپلانێکی گوماناوی بۆ بەئامانجگرتنی
بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانیا کە هێزەکانی ئەمریکا بەکاریدههێنن، تا دەگاتە هۆشداریدان
لەمەترسیی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەئەڵمانیا.
ماڵپهڕى حوڕهى ئهمریكى لهڕاپۆرتێكدا ئاماژهى بهوهداوه، سەرهڕای
جیاوازیی سروشتی ئەم ڕوداوانەو نەبونی بەڵگەیەک لەسەر پەیوەندیی نێوانیان، بەڵام هاوکاتبونیان،
تیشکدەخاتەسەر مەترسییەکانی بەئامانجگرتنی مەدهنیو دامەزراوە گرنگو ستراتیژییەکان،
لەسەر ئەگەری گواستنەوەی لێکەوتەکانی ململانێی هەرێمیی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیلو
ئێران) بۆ گۆڕەپانە دورەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە30ی ئەیلولی ڕابردودا، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (فلای دوبەی)ی ئیماراتی
کە بەرەو تەلئەبیب دەڕۆیشت، ناچاركرا بەنیشتنەوەی کتوپڕ لەباکوری سعودیه، پاش لێکۆڵینەوەکان،
ئیسرائیلو ئیمارات گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە پلانی بۆ ئەنجامدانی
هێرشێکی تیرۆریستی لەڕێگەی تێکشکاندنی فڕۆکەکەوە داڕشتوە، حەمەد سەیف ئەلشامسی داواکاری
گشتیی ئیمارات لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە (کە هاوڵاتییەکی
عومانە)، هەوڵی ڕفاندنی فڕۆکەکەیداوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی خۆکوژیی دژ بەتێرمیناڵی
گەشتیاران لەفڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، بەمەبەستی دروستکردنی زۆرترین زیانی مرۆیی، بەڵام
فڕۆکەوانە سەرەکییەکە بەهاوکاریی گەشتیاران توانیویانە پلانەکە پوچەڵبکەنەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوه، بیرۆکەی پلانەکە لەهێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری
2001ی ئەمریکاوە وەرگیراوە کە لەلایەن ڕێکخراوی قاعیدەوە جێبەجێکران، ئەلشامسی ئاماژەی
بەوەشدا، سەرەتای توندڕەوبونی تۆمەتبارەکە بۆ ساڵی 2017و قۆناغی خوێندنی لەئوسترالیا
دەگەڕێتەوە، کاتێک لەشاری مێلبۆرن سەردانی ناوەندێکی کردوە کە لەلایەن کۆمەڵەیەکی سەر
بەكۆمهڵهى ئیخوان موسلمینەوە پاڵپشتیدەکرا.
ئیمارات لە2014وە ئیخوانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوەو ئەمریکاش
سێ لقی لەلوبنان، میسرو ئوردن خستوەتە لیستی تیرۆرەوە، لای خۆیشیەوە ماھیر فەرغەلی
پسپۆڕی جوڵانەوە ئیسلامییەکان باسى لهوهكردوه، "جێبەجێکارەکە وەک گورگێکی تەنهاو
بەبێ گرێدراوی ڕێکخراوەیی، کاریکردوە".
لەبەریتانیاش لێکۆڵینەوەی قورس لەسەر پلانێکی شاراوە بۆ بەئامانجگرتنی
بنکەی سەربازیی (فەیرفۆرد ـ Fairford) بەردەوامە؛ ئەو بنکەیەی ئەمریکا بۆ هێرشەکانی
دژ بەئێران بەکاریهێنابوو، واشنتۆنو لەندەنیش گومانی تێوەگلانی تاران دەکەن.
پۆلیسی بەریتانیا لە27ی ئەیلولى ئهمساڵدا، پێنج کەسی لەنزیک بنکەکە دەستگیرکرد
کە سوتەمەنییان پێبوەو لەیەکى تشرینی یەکەمیشدا کەسێکی دیكهى خاوەن ڕەگەزنامەی بەریتانی-ئێرانی
دەستگیرکرا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بونی هەڕەشەیەکی بەستراوە بەئێرانەوە
وایکردوە واشنتۆن فڕۆکە بۆردومانکەرە گەورەکانی لەجۆری «B-1» لەبنکەی فەیرفۆرد بکشێنێتەوە، پۆلیسی بەریتانیا-ش ڕایگهیاندوه، گەنجێکی
22 ساڵەی دیكهى لەلەندەن بەتۆمەتی ئامادەکاریی بۆ کردەوەی تیرۆریستی لەچوارچێوەی هەمان
دۆسیەدا دەستگیرکردوه، هەرچەندە ئێران هەر جۆرە پەیوەندییەکی بەم بابەتەوە بەتەواوی
ڕەتکردوەتەوە.
میدیاکانی ئەڵمانیا ئاشکرایانکردوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران بنکە
سەربازییەکانی ئەمریکایان لەئەڵمانیا کردوەتە ئامانج، بەتایبەت هەردوو بنکەی ستراتیژیی (ڕامشتاین ـ Ramsteinو سپانگداهلیم ـ Spangdahlem)، ئەمەش لەژێر سێبەری ترسی هێرشی نهێنیی بەهۆی
شەڕی دژ بەئێرانەوە.
گۆڤاری (ڤێرتشافستڤۆخە) لەزاری بەرپرسانی هەواڵگریی ڕۆژئاواییەوە بڵاویکردوهتهوه،
ئیسرائیل پێش سێ هەفتە هۆشداریدابوە هاوبەشەکانی لەئەمریکاو ئەڵمانیا لەبارەی بونی
مەترسی لە سەر ئەو بنکانەی پشتگیریی لۆجستیی پڕۆسە سەربازییەکان دەکەن.
بەرامبەر بەم ڕاپۆرتانە، وتەبێژی فەرمیی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا
لەئەوروپا ڕایگەیاندوه، "گونجاونییە باسی مەلەفە هەواڵگرییەکان بکەین، بەڵام
هێزەکانمان هەمیشە لەدۆخی وریایی تەواودانو هەڵسەنگاندن بۆ ژینگەی ئەمنیی ئەوروپا
دەکەن".
لەکۆتاییدا، ماھیر فەرغەلی كه یەکێکە لەنوسەر، ڕۆژنامەنوسو توێژەرە
سەرەکیو دیارەکانی میسرو جیهانی عەرەبی لەبواری جوڵانەوە ئیسلامییەکان هۆشداریداوه،
"کشانەوەی ئەمریکا لەعێراقو دۆخی سوریا، مەترسییەکە قورسر دەکات، بەتایبەت بهگوێرهى
خەمڵاندنەکان، ئاماژە بەبونی نزیکەی 15 هەزار چەکداری داعش لەناوچەکەدا دەکەن".
