شارپرێس:
بەگوێرەی
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لەناو ئیدارەی ترەمپدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە
سەربازییە گەورەکان دژی ئێران ناکۆکی هەیە؛ پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سەنتکۆم)، پشتیوانی لە هێرشە نوێکان دەکەن، بەڵام زۆربەی
ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوامبوون لە سزای ئابووریی و فشارەکان
بە هەڵبژاردەی باشتر دەزانن.
ئەکسیۆس
کە پشتی بە سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بەستووە، ئاشکرایکردووە کە ترەمپ و
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکانی هەفتەی ڕابردوودا
ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ ئامانجگرتنی شوێنە سەربازییەکان
و دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران تاوتوێ کردووە.
ناتانیاهۆ،
ڕۆژی چوارشەممە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، هۆشداریی لە مەترسییەکانی
ئێران دا و گوتی بریکارەکانی ئێران لەم ڕۆژانەدا هەوڵی هاوێشتنی مووشەک و ئەنجامدانی
هێرش دەدەن. بەڵام ئەو وتی کاتی ئێستا بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی پێشگیرانە بۆ سەر تاران
گونجاو نییە، بە تایبەتی لەبەر نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان.
سەرچاوەکان
ئاماژەیان بەوە داوە کە ترەمپ لە سەرەتادا زیاتر لەگەڵ هەڵبژاردەی سەربازیی بووە،
بەڵام دواتر دوودڵ بووەتەوە. سەرچاوەیەکی ئەمریکی وتوویەتی ترەمپ بە ناتانیاهۆی
وتووە "خۆت ئامادە بکە"، بەڵام ئەمە بەڵێنی ئەنجامدانی هێرشێکی حەتمی نییە.
لە
بەرامبەردا، کۆشکی سپیی ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە گفتوگۆی ترەمپ و ناتانیاهۆ بۆ دەستپێکردنەوەی
شەڕەکەی ڕەت کردۆتەوە و دووپاتی کردۆتەوە کە ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی
کۆنگرێسی ئەمریکا هێرش ناکاتە سەر ئێران.
بەپێی
سەرچاوەکان، ئیسرائیل نیگەرانیی ئەوەیە ئێران هەندێک بەشی بەرنامە ناوەکییەکەی نوێ
بکاتەوە، بە تایبەتی ئەگەری بەکارهێنانی دامەزراوەی "چیای قوڵینگ" بۆ پیتاندنی
یۆرانییۆم. لە 2ی ئۆکتۆبەر، ئەندامانی باڵای ئیدارەی ترەمپ لە کەمپ دەیڤید کۆبوونەوە
و هەڵبژاردەکانی داهاتووی شەڕیان تاوتوێ کرد.
لە
هەمان کاتدا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن. ناوبژیوانە قەتەرییەکان چاوەڕێی وەڵامی
ئێرانن بۆ دوا پێشنیاری ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەروەک بەرپرسیارێکی ئەمریکی
وتوویەتی گفتوگۆکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام پێشکەوتنی ڕاستەقینەیان نییە.
ترەمپیش
ڕۆژی سێشەممە ئێرانی بە "دەوڵەتێکی شکستخواردوو" ناوبرد و گوتی واشنتۆن
"لەماوەیەکی زۆر نزیک" بڕیارێک لەبارەی ئێرانەوە دەدات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
https://aawsat.com/%D8%B4%D8%A4%D9%88%D9%86-%D8%A5%D9%82%D9%84%D9%8A%D9%85%D9%8A%D8%A9/5329544-%D9%88%D8%A7%D8%B4%D9%86%D8%B7%D9%86-%D9%85%D9%86%D9%82%D8%B3%D9%85%D8%A9-%D8%A8%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%A6%D9%86%D8%A7%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D9%88%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B5%D9%84%D8%A9-%D8%AE%D9%86%D9%82-%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86
