مێشک چۆن پێکەنین لە قسەکردن جیا دەکاتەوە؟

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 81 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێکەنین، هەرچەندە زۆرجار پەیوەستە بە دڵخۆشییەوە ، بەڵام دیاردەیەکی ئاڵۆزە و هەندێک جار بەبێ ویست و کۆنترۆڵی خۆمان لە بارودۆخی چاوەڕواننەکراودا ڕوودەدات.

توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە پێکەنینی خۆکارانە و پێکەنینی بەئەنقەست لە ڕووی کارکردنی مێشکەوە جیاوازن. پێکەنین زۆرجار سەرچاوەی کۆمەڵایەتیی هەیە و ئەگەری پێکەنین لەگەڵ کەسانی تر 30 هێندە زیاترە لەوەی بە تەنیا پێبکەنین.

هەروەک، پێکەنین بە خێرایی لە کەسێکەوە بۆ کەسانی تر دەگوازرێتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری "Trends in Neurosciences" بڵاوکراوەتەوە، دوو تۆڕی جیاوازی مێشکی دیاری کردۆتەوە.

تۆڕی یەکەم لە ناوچەکانی پێشەوەی مێشک درووست دەبێت. چالاکبوونی ئەم تۆڕە پێکەنینی خۆکارانە و دەنگ بەرز درووست دەکات کە زۆرجار لەگەڵ هەستی خۆشیی و دڵخۆشیدایە. ئەم تۆڕە لە ڕووی پەرەسەندنی مێشکەوە کۆنترە و بە وەڵامە هەستەییە خۆکارەکانەوە پەیوەستە.

تۆڕی دووەم لە ناوچەکانی جووڵە و پێش جووڵەی مێشکدایە و پێکەنینی بەئەنقەست کۆنترۆڵ دەکات. ئەم جۆرە پێکەنینە لە گفتوگۆکاندا بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی، تێگەیشتن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بەکاردێت و پەیوەندییەکی نزیکی بە قسەکردنەوە هەیە.

توێژینەوەکە هەروەک ڕوونی دەکاتەوە کە ئەگەر شڵەژانی مێشک تۆڕی پێکەنینی بەئەنقەست زیانی پێ بگات، ڕەنگە کەسەکە تووشی کێشەی قسەکردن ببێت، بەڵام هێشتا بتوانێت پێبکەنێت، بگریێت و هاوار بکات؛ چونکە تۆڕی کۆنتری پێکەنین هێشتا کار دەکات.

  ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی