شارپرێس:
ڕۆژنامەی ناوداری (ئیسرائیل هیۆم) دۆسیەیەکی نهێنیو یەکجار قورسی دارایی لەنێوان سعودیەو کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکراکرد، بهگوێرهى ڕاپۆرتی فەرمیی ڕۆژنامەکە، ڕیاز پڕۆژەیەکی بەناوی (ئاگربەستی یەک ملیار دۆلاریی) خستوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، تێیدا پێشنیازی گواستنەوەی بڕی یەک ملیار دۆلاری کاشی بۆ تاران کردوە، تەنها لەپێناو کڕینی بێدەنگیو گەیشتن بەئاگربەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ چەکدارانی ئەنساروڵڵای حوسی لەیەمەن.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاشکرایدەکەن، شازادە خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعودیە، لەکاتی سەردانە نائاساییو کتوپڕەکەیدا بۆ تاران، بەفەرمی لەگەڵ موحسن ڕەزاییو بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، مەلەفی ئەم پلانە داراییەی کردوەتەوە.
ئامانجی سەرەکیی ڕیاز-یش لەم پێشنیازە ناچارییە، ڕاگرتنی هەمیشەیی هێرشە موشەکیو درۆنییەکانی حوسییەکانە بۆسەر کێڵگەکانی وزە (ئارامکۆ)و بەندەرەکانی سعودیە کە ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتەی هاوسێی خستوەتە مەترسییەوە.
یەکێک لەسەرچاوە تایبەتەکان بهڕۆژنامهكهى وتوه، ئەم بڕە پارە زەبەلاحە (یەک ملیار دۆلارەکە) ڕاستەوخۆ بەشێوازی کاش لەناو حەشارگەی فڕۆکە گواستنەوە سەربازییەکەی سعودیەدا بوە کە وهفده فەرمییەکەی گەیاندوهته فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران، هەرچەندە ئەم زانیارییە تائێستا بەشێوازێکی سەربەخۆ لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام هاوکاتبونی لەگەڵ کوژاندنەوەی ئامێری ڕاداری فڕۆکەکە، گومانەکانی قوڵتر کردوەتەوە.
حکومەتی سعودیە لەڕێگەی میدیا فەرمییەکانی خۆیەوە بەتەواوی ئەنجامدانی گەشتە ئەمنییەکەی وەزیری بەرگریی بۆ تاران پشتڕاستکردەوە، بەڵام وەک چاوەڕواندەکرا لەناو دەقی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی بەمەلەفی یەک ملیار دۆلارەکە یان کڕینی ئاگربەستی حوسییەکان نەکردو گەشتەکەی تەنها لەچوارچێوەی هاوسەنگیی دیپلۆماسیی ناوچەکەدا کورتکردوهتهوه، چاودێرانیش پێیانوایە، کۆتاییهاتنی ئەم ڕێککەوتنە نهێنییە پێگەی تاران لەململانێ سڕکراوەکاندا بەهێزتر دەکات.
