شارپرێس:
ئیسرائیل، تۆمەتەکانی ڕاپۆرتێکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی بە "پڕوپاگەندەی سیاسیی" وەسف کرد. ڕاپۆرتەکە ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتیی لە کەناری خۆرئاوا تۆمەتبار کردووە، لەوانەش کۆمەڵکوژیی، هەروەک بەردەوامبوونی لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە کەرتی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕاپۆرتەکە پەیوەندیی بە مافەکانی مرۆڤەوە نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی پڕوپاگەندەی سیاسییە کە لە ڕاستییەکان دوورە، ئامانجی لاوازکردنی مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریی لە خۆی، داماڵینی رەوایەتیی لە دەوڵەتی جولەکە و ڕەواکردنی تیرۆریزمە دژ بە هاووڵاتییانی.
لە هەمان ڕۆژدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل لە شاری خەلیل لە کەناری خۆرئاوا، نیگەرانیی جیددی لەبارەی "پاکتاوی ڕەگەزیی" دروست دەکات. ئەم هۆشدارییە دوای کوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی لە هێرشێکدا هات کە دوو چەکداری فەڵەستینی ئەنجامیان دا.
ڤۆلکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە کە سزادانی بە کۆمەڵ پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتییە و هەڕەشەکانی بەتاڵکردنەوە و وێرانکردنی تەواوی گەڕەکەکان نیگەرانیی جیددی لەبارەی پاکتاوی ڕەگەزیی دروست دەکەن.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ئامادەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانە لە کەناری خۆرئاوا، کە چۆڵکردنی دانیشتووان، پشکنینی گەڕەکەکان و وێرانکردنی ژێرخان لەخۆ دەگرێت. هەروەک وتی سوپا هەمان شێوازی هێرشبەرانەی بەکارهاتوو لە کەمپەکانی پەنابەران لە شارەکاندا جێبەجێ دەکات.
نەتانیاهۆ هەروەک حەماسی بە بەرپرسیاری هێرشەکە زانی کە لە نزیک خەلیل پێنج کەسی بریندار کرد. بەپێی نووسینگەی، فەرمانی دا بە هێزە ئەمنییەکان گەمارۆیەکی ئەمنیی دەوروبەری خەلیل دابنێن و ئامادەکاری بۆ داخستنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بکەن.
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە دوو چەکداری کوشتووە و هێرشێکی تێرۆریستیی پووچەڵ کردۆتەوە.