هۆشدارییەکی توند لەهەرێمەوە بۆ بەغدا: گۆڕانکارییەکانی شنگال دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 532 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی زیاتر لە پێنج هەزار شەڕڤانی یەپەشە لەشنگال بەشێوەیەکی فەرمی تێکەڵی سوپای عێراق بون، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هۆشداری بە حکومەتی فیدراڵ دەدات و دەڵێت، ئەو گۆڕانکارییانە دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات.


وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکەین کە حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە، بە بیر هەمو لایەکیش دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەهید و ٣٠٠٠ برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازادکراوە ودەبێ ڕێز لەو قوربانی وتێکۆشانە بگیرێت ".

وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکرد،" سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە، و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان ".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فیدرال بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی داون.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەشڵێت،" ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە ".