وەزارەتی کارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزبوەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3136 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەهۆی راوەستانی هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە چەند وێستگەیەکی دیکە بەستووە و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای بۆ 1500 مێگاوات بەرز کردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، دوای راوەستانی هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هەزار مێگاوات دابەزیبوو و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەکی نوێ بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی گاز لەو کێڵگەیەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا نییە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، بە خستنەکارەوەی چەند وێستگەیەکی گازی هاوەڵ و وێستگەی کارۆئاویی دوکان لەگەڵ چەند وێستگەیەکی دیکەی گازوایل، ئێستا تیمە تەکنیکییەکان ئاستی بەرهەمهێنانیان بۆ 1500 مێگاوات بەرز کردووەتەوە و بەمەش پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات.

هەروەها ئەوەی خستەڕوو، تەواوی وێستگە گازییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان، بۆ ئەوەی هەر کاتێک کێڵگەی کۆرمۆر دەستی بە هەناردەکردنی گاز کرد، بە شێوەیەکی تەکنیکی وێستگەکان بگەڕێنەوە باری ئاساییی خۆیان.

 سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا باسی لەوە کرد، هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دۆخی کێڵگەکە ئاسایی بکرێتەوە و هەناردەی گاز دەست پێبکاتەوە.