شارپرێس:
سەرچاوە ئەمنییە عێراقییە تایبەتەکان ئاشکرایان کردووە کە هەندێک گرووپی چەکدار، کە ڕەزامەندییان لەسەر رادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت دەربڕیوە، دەستیان کردووە بە گواستنەوەی بەشێک لە چەک و تەقەمەنییەکانیان بۆ گرووپە چەکدارەکانی تر کە ڕازی نین بە پلانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەنگاوە بۆ شاردنەوەی توانای سەربازیی ڕاستەقینەی ئەو گرووپانەیە لە چاوی لیژنەکانی ژماردن و تۆمارکردنی چەکی حکومەت، لە هەمان کاتدا ئەو گرووپانە توانای گەڕاندنەوەی چەکەکان بۆ دەستی خۆیان لە کاتی پێویستدا دەبێت.
لەوچوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ڕایگەیاندووە کە گواستنەوەی چەکەکان هاوکاتە لەگەڵ پێشکەشکردنی زانیاریی فەرمیی لەلایەن ئەو گرووپانەی ڕەزامەندییان داوە، بەڵام هەندێکیان چەک و کەرەستە سەربازییەکانیان بە ناوی زیاتر لە گرووپێک تۆمار دەکەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان ئاڵۆز بکەن.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەم ڕێکارانە بە تایبەتیی چەکە پێشکەوتووەکان، لەوانە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و مووشەکەکان، دەگرێتەوە؛ ئەو چەکانەی یەکێکن لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکیی لە نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکاندا.
هەروەک ئاماژەی پێدراوە، هەندێک گرووپ لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی رادەستکردنی چەکیان داوە، هێشتا هاوکاریی و هاوئاهەنگییان لەگەڵ گرووپەکانی ڕەتکەری داماڵینی چەک بەردەوامە و بەشێک لە کەرەستە و چەکەکانیان دەگوازنەوە بۆ کۆگاکانی ئەوان.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە کە هێشتا دەزگا ئەمنییەکان زانیارییەکی تەواو و وردیان لەبارەی قەبارەی جبەخانەی گرووپە چەکدارەکان نییە و ئەو بڕە چەکەی تا ئێستا رادەستی حکومەت کراوە، بە پێویستی نوێنەرایەتیی هەموو توانای سەربازیی ئەو گرووپانە ناکات.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە قۆناغی ئێستادا لە هێرشبردنە سەر بنکە و کۆگاکانی گرووپە چەکدارەکان بە زەبری هێز خۆی دەپارێزێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕوودانی پێکدادانی ناوخۆیی، و پێی وایە گفتوگۆ و پرۆسەی رادەستکردنی چەکەکان تا 30ی حوزەیرانی 2027 بەردەوام بێت.
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدان کە هەڵوێستی گرووپەکانی وەک "بزووتنەوەی نوجەبا و "کەتائیبی حیزبوڵڵا" نیشانەی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانە لەسەر سنووری دەسەڵاتی حکومەت بەسەر بڕیاری بەکارهێنانی چەکدا.