عەلی زەیدیی بەپەلە داوای ڕاپۆرتی كۆتایی هێرشە درۆنییەكەی سەر كۆرمۆر دەكات

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی زەیدیی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەدواداچونی بۆ رێڕەوی لێکۆڵینەوە لەهێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لەپارێزگای سلێمانی کردو فەرمانی کرد بەزوترین کات رێکارەکان تەواو بکرێن و ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادە بکرێت.


سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا لڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدیی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەدواداچونی بۆ دوایین پێشهات و رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان کردوە لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لەسنوری پارێزگای سلێمانی.

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێنمایی داوە کە لەزوترین کاتدا کارەکانی لێکۆڵینەوە کۆتاییان پێبهێنرێت و رڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر ڕوداوەکە پێشکەش بکرێت.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان باسی لەوەشکرد، زەیدی جەختی لەگرتنەبەری رێکاری یاسایی توندو تەمبێکارانە کردوەتەوە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە تێوەگلانی لەهێرشەکەدا بسەلمێنرێت، هەروەها بەرپرسانی پەلامارەکە بەگوێرەی یاسا رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێنەوە.

لەڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە، كە  ئەم هەنگاوانە لەپێناو دەستەبەرکردنی دوبارەنەبونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانەو پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە هەستیارو ژیانییەکان و سەلامەتیی کارمەندانیانە.