داوا دەكرێت ڕێككەوتنی هەسەدەو دیمەشق بەزوترین كات جێبەجێبكرێت

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 487 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت داوا دەكەن ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە بەزوترین كات جێبەجێبكرێن کە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەسوپای سوریا كراون.


وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت لەپاریس کۆبونەوە، دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند،"پشتیوانیی بەهێزی خۆمان بۆ گواستنەوەیەکی سیاسیی ئاشتییانە و گشتگیر بەرەو سوریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و سەقامگیر دوپات دەکەینەوە، بەشێوەیەک کەڕێزگرتن لەمافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو گەلی سوریا دەستەبەر بکات.".

وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی وڵاتانی حەوت ئاماژەیان بەگرنگیی بەردەوامیدان بەشەڕی دژ بەتیرۆرو پاراستنی مەدەنییەکان لەباشوری سوریا کردەوەو داوای پشتیوانیکردنی بوژانەوەی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەیان کرد.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت تیشکیان خستە سەر دۆخی ئێران و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە. 

کۆمەڵەکە ستایشی هەوڵی نێوەندگیرە هەرێمییەکانی کرد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام جەختی کردەوە کە "نابێت بەهیچ جۆرێک رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"؛ هاوکات هۆشداری دەدەن، کە لەئەگەری نەگەیشتن بەچارەسەری دیپلۆماسی، وڵاتانی هاوپەیمان بەردەوام دەبن لەهاوئاهەنگییەکانیان بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی ئێران لەڕوی ئابووری و سیاسییەوە تاوەکو رێگری لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و جیهان بکرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، ڕۆژی 29ی کانوونی دوەمی 2026، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەو کاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەو ئیدارەی خۆسەریان بەدیمەشق واژۆ کرد.