حزبی شیوعی دژی دوو ئیدارەیی بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکات

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان لەبانگەوازێکدا بۆ هاوڵاتیان و لایەنگرانی داوا دەکات رۆژی شەممەی داهاتوو لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی دوو ئیدارەیی لەهەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان لەبانگەوازەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە،"لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوییمان و قوربانییە گرانبەهاكانی حیزبمان و تەواوی هێزەكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان، بانگەوازی هەمولایەك دەكەین بۆ دەنگهەڵبڕین و پێكەوەنانی بەرەیەكی فراوانی جەماوەری، لە پێناو پاراستنی هەرێمی كوردستان لە مەترسیی لێكترازان و دابەشبون ".

لە بانگەوازەکەی حزبی شیوعیدا ئەوەش هاتوە،" لێرەوە داوا لە سەرجەم ڕێكخستنەكانی حیزبی شیوعی، هاوڵاتیانی دڵسۆز، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لایەنە سیاسییەكان و هەموو نیشتمانپەروەرێك دەكەین، بە میكانیزمی مەدەنییانە جوڵەیەكی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی ناڕەزایەتی بەرپا بكەن ".

دەشڵێت،" ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر، ئەركی نیشتمانیی هەمومانە خاوەندارییەتی لە هەرێمێكی یەكگرتوو، ئازاد و دیموكراسی بكەین ".

مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان باسی لەوەشکردوە،" لەژێر دروشمی هەرێمێكی یەكگرتومان دەوێت، رۆژی شەممەی داهاتوو رێكەوتی 14ی 11ی 2026 بارەگاكانی حیزبمان لەزاخۆوە تاخانەقین دەكەینە شوێنی دەربرینی نارەزایەتی و داواكارین هەموولایەك پاڵپشتی بكەن ".