ئاكەپە داوا لەبارزانی دەكات بەبڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمدا بچێتەوە

کوردستان

28/07/2017‌ 996 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەهدی ئەكەر جێگری پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا "ئاكەپە" ئاماژەی بەكاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كردو رایگەیاند "بەبارزانی دەڵێن بەبڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە".

مەهدی ئەكەر لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی، كە بۆچوونی توركیا سەبارەت بەڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان چییە؟ رایگەیاند دەبێت لەم بابەتە بڕوانین، كە "دوای ئەم ڕیفراندۆمە  دۆخی ناوچەكە چۆن دەبێت".

بەرپرسەكەی ئاكەپە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی مێهر راشیگەیاند "دەبێت ئاوڕ لەم بابەتەش بدەینەوە، كە ئێستا دۆخی سوریاو عێراق لە ناوچەكەدا چۆنە؟ كە ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكە".

مەهدی ئەكەر جەختیشیكردەوە، كە بەپێی ئەو خاڵانە بێت، ئەوان رایانگەیاندووە "ئێستا كاتێكی گونجاو بۆ ئەم كارە نییەو پێویستە بەم بڕیارەدا بچنەوە، بەبارزانیمان وتووە پێداچوونەوە بە بڕیارەكەی خۆیدا بكاتەوە".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەش، كە دەوترێت توركیا بەفەرمی دەڵێت: كە دژی ڕیفراندمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانە، بەڵام چەند هەواڵێك هەیە ئاماژە دەكات ئەگەر ئابووری هەرێمی كوردستان سەر بەتوركیا بێت، ئەنقەرە لەگەڵ ئەم ڕیفراندۆمە دەبێت، ئایا ئەم بابەتە پشت ڕاست دەكەنەوە؟ ناوبراو رایگەیاند "نەخێر ئەمە ڕاست نییە".

قسەكانی مەهدی ئەكەر لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح