بارزانی داوا لەلایەنگرانی پارتی دەكات پشتگیری ریفراندۆم بكەن

کوردستان

15/08/2017‌ 540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات داوا لەئەندامان‌و لایەنگرانی حیزبەكەی دەكات پشتگیری ریفراندۆم بكەن.

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە، "داوا لەئەندا‌و لایەنگرانی پارتی دەكەم، كە بەهەموو توانایەكیان هاوشان لەگەڵ هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی سەربەخۆیی‌و ڕیفراندۆم بن".

سەرۆكی پارتی هەروەها بڵاویكردووەتەوە، كە "جگە لەسەربەخۆیی، گەلی كوردستان هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەم نییە، ئەوەیش لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان‌و بەرقەراربوونی ئاشتی‌و بووژانەوە".

پەیامەكەی بارزانی لەكاتێكدایە لە حەوتی حوزەیرانی رابردووەوە بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان بڕیاریانداوە، كە لەرۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم بكەن، كە پەیامەكەشی بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی بڵاوكردووەتەوەو ئەمە دەقەیەتی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی ڕۆژی شانزەی ئاب و، حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم.

پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان ئامرازی بەرگریكردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا.

پارتی لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگ و هەڵگری بەرپرسیارێتیی بووە لە قۆناغە گرنگەكانی خەباتی گەلی كوردستان و ئێستایش لە قۆناغی بنیاتنان و شەڕی تیرۆر و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بە شانازییەوە خاوەنی هەمان ئەرك و ڕۆڵە و لەم ڕێگەیەدا قوربانیی بێهەژماری داوە.

لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری وكۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. ئەو خۆڕاگرییە مكوڕترمان دەكات لە هەنگاونان بەرەو ئاییندە و كاركردن بۆ مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان. 

ئەوەیش دووپات دەكەمەوە باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی كوردستانە. سەربەخۆیی كوردستان و ئاشتی و پێكەوەژیان ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆیی كوردستان هەیە.


مەسعوود بارزانی

15ـی 8ـی 2017