ژمارەی دانیشتووانی میسر گەیشتە ١٠٠ ملیۆن كەس

هەمەڕەنگ

13/02/2020‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی داتاكانی دەزگای ناوەندی سەرژمێری لە میسر، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە گەیشتۆتە ١٠٠ ملیۆن كەس، بەوەش میسر لەڕووی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی هەر لە پلەی یەكەمدا دەمێنیتەوە و لەسەر ئاستی كیشوەری ئەفریقیاش پلەی سێیەم دەگرێت.

بەگوێرەی بەیاننامەی دەزگای سەرژمێری میسر، رۆژی سێشەممە ژمارەی دانیشتووانی كۆماری عەرەبی میسر گەیشتووەتە ١٠٠ ملیۆن كەس.

هاوكات بەگوێرەی قسەی لیوا خەیرەت بەرەكات سەرۆكی دەزگای سەرژمێری میسر لەساڵی ٢٠١٩ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان زۆرترین گەشەی تۆمار كردووە بەجۆرێك لەماوەی ٢١٦ رۆژدا ملیۆنێك كەس لەو وڵاتە زیادی كردووە.

لەدواین سەرژمێری كە لەساڵی ٢٠١٧ دا كراوە ، ژمارەی دانیشتووانی میسر ٩٥ ملیۆن كەس بوو، لەكاتێكدا پێش سێ دەیە ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ٥٧ ملیۆن كەس بووە.

بەرپرسانی میسر دەڵێن: ئەو زیادبوونە خێرایەی ژمارەی دانیشتووان تەحەددا و ئاستەنگی سەرەكی بەردەم وڵاتی میسرە، بەجۆرێك بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس مستەفا مەدبوولی سەرۆك وەزیری میسر رایگەیاندووە، كۆنترۆڵكردنی تێكرای گەشەی دانیشتووان بابەتێكە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی