چیرۆكە خەمناكەكان.. ئیما و كاتی پێكەوە پێكەنین و پێكەوەش مرن

لە میدیاکانەوە

25/04/2020‌ 904 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
كاتی و ئیما زۆربەی جار پێكەوە جەچوونە بازاڕ، پێكەوە نانیان ئەخوارد، پێكەوە پێدەكەنین، پێكەوە دڵتەنگ دەبوون، پێكەوە دەگریان، دواجاریش سروشت بڕیاریدا چۆن لەیەك ھێلكەی پیتراوی منداڵدانی دایكیان ھاتوونەتە دەرەوە ئاواش پێكەوە بچنەوە باوەشی خاك، بەڵام لە دووی تابووتی جیادا.

كاتی دێڤیس ، ٣٧ ساڵ ھەموو ڕۆژێك بە بەرگی پەرستیارییەوە دەستی منداڵێكی دەگرت و لەسەر قەرەوێلەی نەخۆشخانەی ساوسھامپتن گشتی- بەریتانیا، ڕێنماییە تەندروستییەكانی پێشكەش دەكرد و چارەسەری پێشكەش بە منداڵانی لەندەن دەكرد.

ئەم پەرستیاری منداڵان-ە. ھەمیشە خەمی منداڵ بەشێك بووە لە خەمی ژیانی، بەڵام ھەفتەیەك زیاتر بوو خۆی بووە بەشێك لەخەمی پەرستیارە ھاوڕێكانی و سروشت بڕیاریدا ئیتر دەبێت كەسێكی تر چارەسەری ئەم بكات.

كۆرۆنا ڤایرۆس نەك ئەمی ڕاپێچی ئەو نەخۆشخانەیە كرد، كە خۆی كارمەندە لێی، بەڵكو خوشكە دوانەكەشی، كە ناوی ئیما دێڤێس-ە بەھەمان شێوە گەیاندە لای ئەم و پێكەوە لە نزیك یەكتر دڵیان بۆ یەك لێی دەدات.

رۆژنامەی زە گاردیان بڵاویكردەوە، كە مەرگی نێوان ئەم دوو پەرستیارە تەنیا سێ ڕۆژ بووە، كاتی دێڤیس ڕۆژی ٢١ی ئەپرل گیانی لەدەستدا، بەدوایدا ئیما-ی خوشكی ڕۆژی ٢٤ی ئەپرل لە ھەمان نەخۆشخانەو لە ھەمان ھۆڵی یەكەی چاودێری وردی فریاكەوتنی نەخۆشخانە گیانی سپارد.

زۆی دێڤیس -ی خوشكی ئەم دووانە بە بی بی سی وتووە: ھەمیشە دەیانوت پێكەوە ھاتوینەتە ئەم جیھانەوەو پێكەوەش ئەم جیھانە جێدەھێڵین.

وتیشی: شتێكی سەرسوڕھێنەر بوو پێكەوە نەخۆش كەوتن و پێكەوەش گەیەنرانە نەخۆشخانە.

كاتی دێڤیس لەبەشی منداڵانی نەخۆشخانەی ساوسھامپتن تا ئەو ڕۆژەی گیانی لەدەستدا كاری دەكرد، بەڵام ئیما دیڤیس لەبەشی نەشتەرگەریی كۆڵۆن بۆ ماوەی نۆ ساڵ تا ٢٠١٣ لەوێ مایەوە و دواتر ئەو نەخۆشخانەی جێھێشت.

گێل بێرن بەرپرسی باڵای پەرستیارانی نەخۆشخانەكە لەڕێگەی ڕۆژنامەی زە گاردیان-ەوە پەیامێكی ئاراستەی فەرمانبەرەكانی كرد و وتی: ئیما پەرستیارێكی لەسەرخۆ و بێ كێشە بوو، كاتێك گەیەنرایە نەخۆشخانە، دوو سەعاتی نەبرد (كاتی) خوشكی بە ھەمان دۆخ و پلەی گەرمی و لێدانی دڵەوە وەك ئیما گەیەنرایە ھەمان ھۆڵی نەخۆشخانە، بەڕاستی ڕووداوێكی ناخۆش بوو بۆ ئەو خێزانە.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٤ ی ئەپرل تێكرای كارمەندانی نەخۆشخانە وەك ڕێزڵێنانێك بۆ تەرمی ئەو دوو خوشكە دوانە لەیەكچووە لە نەخۆشخانەكەوە بە چەپلەڕێزان و گوڵباران و لەناو فرمێسك و گریاندا بەڕێكران و ئەساتەی بیر كارمەندان ھێنایەوە كە بۆرس جۆنسن -ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وتی:"دەشێت ئازیزانتان لەدەست بدە".

ھەروەھا ڕۆژنامەی نێرسین تایمز لەڕاپۆرتێكدا ئەوەی ئاشكراكردووە كە تا ڕۆژی ٢٤ ئەپرل، ٥٠ پەرستیار لە تیمی پزیشكی نەخۆشخانەكانی بەریتانیا بەھۆی كۆرۆنا ڤایرۆس گیانیان لەدەستداوە.

لەبەریتانیا تاڕۆژی ٢٤ ی ئەپرل، ١٤٣ ھەزار و ٤٤٦ كەس بەھۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و ١٩ ھەزار و ٥٠٠ كەسیش بەھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.