له‌به‌غدا كۆبونه‌وه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌باره‌ى موچه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت

عیراق

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 19434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعه‌كان) بۆ تاووتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی‌و ناوچەیی کۆبببنەوە، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌شارپرێسه‌وه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كات.


بەگوێرەی وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌به‌غداوه‌ بۆ شارپرێس، کاتژمێر پێنجى ئێوارەى ئه‌مڕۆ، چوارچێوەی هەماهەنگی بەئامادەبونی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، لەسەر پرسی موچەى موچه‌خۆرانى هه‌رێم‌و هەڵبژاردن‌و مانەوەی سوپای توركیا لەخاكی عێراق‌و دۆسیەی ئاوو غاز کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەكه‌ ئه‌وه‌شى وت:"كۆی گفتوگۆكانی ئەم كۆبونەوەیە، سبەینێ سێشەممە لەكۆبونەوەی ئەنجومه‌نى وەزیرانى عێراقدا تاووتوێدەكرێت‌و ئەگەر بگەنە كۆدەنگی لەسەری، بڕیار لەناردنی موچەی مانگی پێنج دەدرێت".

هاوكات ئەمڕۆ ڕۆژنامەی بەغداد ئەلیەوم لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی بڵاویكردوەتەوە، پارتی دیموكراتى كوردستان لەنامەیه‌كدا، داواى لەبەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردوه‌، ڕۆڵیان هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەی موچە.

هه‌ر ئەمڕۆ دوشەممەش دادگای فیدراڵی لەسەر سێ تەوەر دەستی بەکۆبونەوە کرد، کە ئەوانیش کێشەی سەرۆکایەتییەکانی زانکۆو پەیمانگەکانی عێراق، سکاڵای فەرمانبەران لەسەر پرسی ڕاگرتنی موچەو تێکەڵنەکردنی موچە بەکێشە سیاسییەکان بوو، دوای دەستپێکردنی کۆبونەوەکە بڕیاربوو لەدوای یەکلاییکردنەوەی کەیسی یەکەم، بڕیاری وەلائی بۆ موچەی موچەخۆران‌و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربکرێت، بەڵام دادگا کۆبونەوەکەی بۆ 14 ڕۆژى دیكه‌ واته‌ بۆ 28ى ئه‌م مانگه‌ دواخست.

بڕیاریشە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆیدا، بۆچونی خۆیان لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنەڕوو.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ پارتى‌و یه‌كێتیى له‌پیرمام كۆبونه‌وه‌ى لوتكه‌یان به‌ئاماده‌بونى مه‌سعود بارزانى‌و بافڵ تاڵه‌بانى ئه‌نجامدا.

ش.ح