له‌باره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم كۆمپانیاكان داواكارییان هه‌یه‌

کوردستان

19 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4989 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، پشتیوانیی لەپرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەن، ده‌شڵێت:"هەر کاتێک ڕێککەوتنێکی نوسراو هەبێت، ئەپیکور ئامادەیه‌ دەست به‌هەناردەی نەوت بکاته‌وه‌".


کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) بڵاویکردەوە، خۆشحاڵن بەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغدا چڕکراونەتەوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێم لەداهاتویه‌کی نزیکدا.

دەشڵێت، "پشتیوانیی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەین‌و ئامادەین دەستبەجێ دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکەینەوە".

ئەپیکۆر لەبەیاننامەکەدا ئاماژەی به‌وه‌داوه‌، "لە 12ی تەمموزی 2025، ئەندامانی ئەپیکورو نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی چالاکی بواری نەوت کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق کۆبونەتەوە، لەکۆبونەوەکەدا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه‌، ئامادەن دەستبەجێ دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوسراوو پابەندکراو هەبێت کە تێیدا دڵنیایی بدرێت لەشێوازی پارەدان‌و ڕێزگرتن لەگرێبەستە بەرکارو یاساییەکان‌و هاوکات چارەسەری ئەو پارەیەش بکرێت کە هێشتا نەدراوەتە کۆمپانیاکان.

دەشڵێت، "پێویستە شێوازی پارەدانەکە شەفاف بێت‌و پەسەندبێت لەلای کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر لەڕێگەی کاش، یاخود لەڕێگەی گواستنەوەی پشکی شایستە وەک خۆی، بدرێت".

له‌وباره‌یه‌وه‌ مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان وتویه‌تى، "ئەندامانی ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ هەناردەی نەوت بکەنەوە هەر کاتێک ڕێککەوتنێکی نوسراو هەبێت، ئەپیکور هەمیشە پێداگرە لەوەی ڕێز لەگرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان بگیرێت".