کۆبونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆتاییهات و جەخت لە هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەئامادەبونی
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی
نیشتیمانی کوردستان لەپیرمام کۆبونەوە.
لە ڕاگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە،" سەبارەت بە رووداو
و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەتی شایستە
داراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و
لێکدانەوەی هەموو رەهەندەکان لە روی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوڕابون
هەموو هەوڵەکان چڕبکرێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی
هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستوردا بە ئاراستەی
چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردولا بهاوێژرێن ".
ئەوەشخراوەتەڕوو،" بەشێکی دیکەی کۆبونەوە تەرخانبوو
بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان
تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین ".
هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی جەختیان لەسەر یەکخستنی
هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە. کە هاوکار و پشتیوان بن
لە چارەسەری ئەم کێشەیەدا.
