بە ڕێککەوتنی هەسەدە و مۆسکۆ ڕوسیا هێزەکانی لەڕۆژئاوای کوردستان جێگیردەکات

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3162 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 سەرچاوە مەیدانییەکان و وێنەکانی مانگی دەستکرد ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕوسیا کۆنترۆڵی بنکەی فڕۆکەخانەی قامیشلۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستهێناوە، دوای تەواوکردنی گواستنەوەی بەشێکی زۆری هێزەکانی لە بنکەی ئاسمانی حمەیمیمەوە بۆ بنکەی نوێ لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کە یەکێکە لەو شارانەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕە تایبەتمەندەکان لە چاودێریکردنی هاتوچۆی ئاسمانی، فڕۆکەکانی بارهەڵگری ڕوسیا لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٢٥ گەشتیان لە نێوان بنکەی ئاسمانی حمەیمیم و بنکەی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە.

چالاکیی چڕ و پڕی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ڕوسیا کە لە مانگی یەک تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ تۆمار کراوە، ئاماژەیە بۆ گواستنەوەی بەرفراوانی هێزەکانی ڕوسیا و کەرەستەی سەربازی قورس لە بنکەی ئاسمانی حمەیمیمەوە بۆ فڕۆکەخانەی قامیشلۆ.

سەرچاوە ئاگادارەکانی سوریا بە ماڵپەڕی ئیرەم نیوزیان ڕاگەیاندووە، گواستنەوەی هێزەکانی ڕوسیا بۆ بنکەی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ دوای هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان هەردوولادا هاتووە.
ئ.ه