عامری نهێنییەك لەبارەی كاندیدكردنی ماستەفا كازمی ئاشكرادەكات

عیراق

30/06/2020‌ 4444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئۆپەراسیۆنەكەی رۆژی هەینی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق بۆ سەر پێگەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی و قۆڵبەستكردنی ١٤ ئەندامیان بووەتە هۆی توورەیی سەركردەكانی ئەو هێزانە و پێیان وایە سەرۆك وەزیری عێراق پیلان بۆ هەڵوەشاندەوەیان دادەنێت.

لەو بارەیەوە هادی عامری رێبەری هاوپەیمانی فەتح بەگێرانەوەی وردەكاری دەستنیشانكردنی مستەفا كازمی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت بیسەلمێنێت، كە ئەو هەر لەسەرەتاوە دژی دەستنیشانكردنی ناوبراو بووە و دەڵێت: لەمیانی دانوستانەكاندا ئەو وتویەتی: ئەگەر هەموولایەكتان بەراسپاردنی كازمی رازی بن ئەوە من  هەر رەتیدەكەمەوە.

عامری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتیشی: دوای ئەوەی هێزە شیعییەكان لەبارەی دەستنیشانكردنی پاڵێوراوێكی تەوافوقی بەبنبەست گەیشتن و پێشتریش دوو كەسی تر، كە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە راسپێردابوون رەتكرانەوە، ئیتر ناوی كازمی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران هاتەپێشەوە.

هەروەها وتی: ئەو بانگی كازمی كردووە و پێیوتووە ئەگەر دەیەوێت هاوپەیمانی فەتح پشتیوانی بكات ئەوە دەبێت پابەندی دوو مەرج بێت.

سەبارەت بە مەرجەكانی هاوپەیمانی فەتح عامری وتی: مەرجەكانی ئێمە بریتی بوون لە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە دەستپێلەكاركێشانەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی و كاندیدكردنی عەدنان زورفی لایەنە شیعییەكانی خستە دۆخێكی نەخوازراوەوە.

بەقسەی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، عەممار حەكیمی سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی یەكەم كەس بووە، كە ناوی كازمی هێناوەتە پێش، بەڵام ئەو كازمی قبووڵ نەبووە و وتویەتی: ئەگەر هەمووتان ئەو پەسەند بكەن من رەتیدەكەمەوە.

سەبارەت بە مەرجی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، عامری ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەمەریكییەكان داوایان لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كردووە، كە خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بخەنە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، كە لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو بەڕێوە دەچێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی