پەیوەندییەكی گوماناوی.. حیزبوڵڵای لوبنان‌و نیتراتی ئەمۆنیۆم

لە میدیاکانەوە

12/08/2020‌ 1610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێرە و لەوێ پرسیارێكی زۆر لەبارەی ئەو بڕە زۆرەی نیتراتی ئەمۆنیۆم دەكرێت، كە بووە هۆكاری تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت و لەو بەستێنەدا هەندێك ڕووداوی پێشووتر ئاماژەن بۆ بەردەستبوون و نییەتی بەكارهێنانی ئەو مادەیە لەلایەن ئەندامانی ئەو حیزبەوە، كە لە ڕابردوودا لە دەرەوەی سنووری لوبنان دەستگیركراون. 

هەرچەندە دوای لێكۆڵینەوەكان زانیاری پێویست بەو مادەیەی پێیان گیراوە بڵاونەبووەتەوە، بەڵام ئەو پاشخانە گوماناویەی حیزبوڵڵا بووەتە مایەی وروژاندنی پرسیاری گەورە لە بارەی ئەو بڕە زۆرەی نیتراتی ئەمۆنیۆم، كە بووە هۆكاری تەقینەوە كارەساتبارەكەی بەیروت.

لەژێر ڕكێفی حیزبوڵڵا
كەناڵی فۆكسی ئەمریكی بڵاویكردەوە، زۆربەی كاروباری بەندەرەكە لەژێر كۆنترۆڵی "نافەرمی" حیزبوڵڵا دا بووە و هەر لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی (تایم ئۆف ئیسرائیل)یش نووسیویەتی: لە مانگی مایسی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەڵمانیای لەوە ئاگاداركردووەتەوە، كە چەند ئەندامێكی حیزبوڵڵا سەدان كیلۆگرامیان لەو مادەیە لە كۆگایەكی باشوری ئەڵمانیا حەشارداوە و هەر ئەو زانیارییانە هاوكاربوون لەو پرۆسەیەی دەزگا ئەمنییەكانی ئەڵمانیا ئەنجامیاندا و لە میانەیدا ئەو ئەندامانەی حیزبوڵڵا دەستگیركران و ئەو بڕە زۆرەی ماددە حەشاردراوەكەش دەستی بەسەرداگیرا.

پێشتر لە مانگی نیسانی ڕابردوودا حكومەتی ئەڵمانیا سەرجەم چالاكییەكانی ئەو حیزبەی لە سنووری وڵاتەكەیدا قەدەغەكرد و لەبارەی بڕیاری قەدەغەكردنەوە كاتی خۆی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئێرنست زێهۆفەر ڕایگەیاند، چالاكی و جموجوڵەكانی ئەو حیزبە بەزاندنی یاسای تاوانەكانە و ڕێكخراوەكە دژ بە پرانسیپی هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی نێودەوڵەتییە.

هەر لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی بڵاویكردەوە، كە لە پایزی ساڵی ٢٠١٥ دا هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە پەلاماری چوار حەشارگەی سەر بە حیزبوڵڵایان لەباشووری لەندەن داوە و ئەندامێكی حیزبەكەیان دەستگیركردووە لە ڕۆشنایی ئاشكرابوونی چەند ئەندامێكی ئەو حیزبە، كە چەند تۆنێك لە نیتراتی ئەمۆنیۆمیان لە كارگەیەكی نهێنی دروستكردنی نارنجۆك لە دەوروبەری شاری لەندەن حەشاردابوو. 

لە بارەی پەلامارەكەوە ڕۆژنامەكە بڵاویكردەوە، كە كاتی خۆی چەند ئەندامێكی حیزبوڵڵا بە پلانێكی داڕێژراو سێ تۆن لەو مادەیەیان لە تورەكەی بەفردا شاردبووەوە، كە لە پایزی ٢٠١٥ دا لایەنە ئەمنی و هەواڵگریەكانی بەریتانیا ئاشكرایان كردبوو.

مێژوویەك لە عەمباركردنی نیتراتی ئەمۆنیۆم
لە مانگی ئابی ٢٠١٥ دا حكومەتی كوێت سێ ئەندامی حیزبوڵڵای دەستگیركرد، كە نزیكەی ٢٠ تۆن لەو مادەیە و زیاتر لە ١٥٠ كیلۆگرام ماددەی تایبەت بە تەقاندنەوە و ٦٨ پارچە چەك و ٢.٤ نارنجۆكی دروستكراو لە مادەی قەدەغەكراو، كە وەك ئامادەسازی بۆ بەكارهێنانیان لە هێرشێكی پلانڕێژكراودا حەشاریاندابوو.

هەر لەو بەستێنەدا دەزگا ئەمنیەكانی وڵاتی قوبرس لە مانگی مایسی ٢٠١٥ دا  ٤٠٢ سندوق لە نیتراتی ئەمۆنیۆمیان دەست بەسەرداگرت و بەهۆیەوە لەو كاتەدا ژێرخانی هێرشێكی پلان بۆ داڕێژراویان هەڵوەشاندنەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٢دا دەزگا ئەمنییەكانی وڵاتی تایلەند ٢٩٠ لیتر لەو مادەیەیان دەستبەسەرداگرت، كە لەلایەن چەند كەسێكی نزیك لە حیزبوڵڵاوە حەشاردرابوو.

هەر لەو بوارەدا پێشتر لە مارتی ساڵی ١٩٩٤دا حكومەتی تایلاند هێرشێكی تری پلان داڕێژراوی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل پوچەڵكردەوە، كە ئەنجامدەرانی بەنیازبوون لەڕێی تەقاندنەوەی كۆمیۆنێكی عەمباركراو بە یەك تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم و دیزڵ ئەنجامی بدەن.

دوا تەقینەوەی پێش بڕیاری دادگا
ئەوەی جێگای تێڕامانە تەقینەوەكەی بەیروت تەنیا سێ ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بە كوشتنی (ڕەفیق حەریری) سەرۆكوەزیرانی پێشووتری لوبنان ڕوودەدات، كە لەساڵی ٢٠٠٥ دا ئەنجامدرا و دوا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دادگاكە چوار ئەندامی حیزبوڵڵای بە جێبەجێكردنی پیلانەكە تاوانباركردووە.

سەرچاوە: پێگەی ئیلاف
وەرگێڕان: بەرزان حەمەخورشید