میسی لەژمارە پێوانەیی بێلییە نزیكدەبێتەوە

وەرزش

21/11/2020‌ 351 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاماژەی بەوەكردوە، لەیاری نێوان بەرشەلۆنەو ئەتلەتیكۆ مەدرید كە ڕۆژی شەممەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی‌و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە هەوڵدەدات بگات بەژمارە پێوانەیی بێلییەی بەڕازیلی.

وەرزی ئەمساڵ، ئاستی لیۆنێل میسی وەكو پێویست نییەو لەچاوەڕوانی كەسدا نییە، میسی لەماوه‌ى 10 یاری لەخولی ئیسپانی‌و خولی پاڵەوانێتی ئەوروپا توانیویەتی تەنها 6 گۆڵ تۆماربكات كە 5 لەو گۆڵانە بەلێدانی سزا بونە.

ڕۆژنامەكە باسی لەوەكردوە، "دەشێت یاری ئەتلەتیكۆ مەدرید ببێت بەدەستپێكی ئەم وەرزە بۆ میسی، چونكە هەلی ئەوەی هەیە بگات بەژمارە پێوانەیی بێلییە كە تەنها 3 گۆڵی ماوە، ژمارە پێوانەییەكە ئەوەیە، یاریزانێك زۆرترین گۆڵ بەدرێسی یانەیەكەوە تۆماربكات".

لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی، توانیویەتی 640 گۆڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لەسەرجەم خول‌و پاڵەوانێتییە جیاجیاكان تۆماربكات، بەمەش تەنها سێ گۆڵی ماوە بگات بەبێلییەی یاریزانی بەڕازیلی، كە لەڕابردودا توانیویەتی 643 گۆڵ بۆ یانەی سانتۆس تۆماربكات.

ئامادەكردن: ڕەنج ڕەسوڵ