شارپرێس:
پێده‌چێت ڕەوتی سەدر به‌هێرشكردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی عێراق ئاماده‌كاریی بكات بۆ گه‌یشتن به‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات كه ماوه‌یه‌كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.
ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو بۆ ماوه‌ی 12 كاتژمێر لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در هێرشێكی توند‌و خوێناوییان كرده‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی ناسریه، جگه له‌سوتاندنی خێمه‌ی خۆپیشانده‌ران، شه‌ش خۆپیشانده‌ر كوژران‌و زیاتر له100 خۆپیشانده‌ری دیكه‌ش برینداربون، بۆ خۆپیشانده‌ران‌و خه‌ڵكی عێراق ناسنامه‌ی هێرشبه‌ره‌كان نادیارنه‌بوو، چونكه خۆیان به‌لایه‌نگری سه‌در ناساند، ئه‌وكه‌سه‌ی پێشتر پاڵپشتی خۆپیشاندانه‌كانی عێراقی ده‌كرد، ئێستا به‌ده‌ستێكی پۆڵاین له‌خۆپیشانده‌ران ده‌دات.
هاوكات له‌گه‌ڵ دروستبونی خۆپیشاندان له‌چه‌ند شوێنێكی عێراق، سه‌در لایه‌نگره‌كانی بۆ نوێژی به‌كۆمه‌ڵی هه‌ینی كۆكردبوه‌وه، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكیشه دروشمی "به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیی" بوه‌ته دروشمی سه‌ره‌كی سه‌درو لایه‌نگرانی، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌ڵمه‌تی پێشوه‌ختەی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ته‌ماشا ده‌كرێت.
ساڵح محه‌مه‌د عێراقی، ئەو ناوە دیارەیە كه ساڵانێكه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك له‌موقتەدا سه‌در باسده‌كرێت، به‌ڵام ئێستا گومانده‌كرێت ئه‌وكه‌سه بونی نه‌بێت‌و خودی سه‌در به‌و ناوه‌وه په‌یامه‌كانی بڵاوبكاته‌وه.
ئەو له‌باره‌ی هێرشكردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانه‌وه وتی:"كاره خراپه‌كانی خۆپیشانده‌ران بۆ داخستنی ڕێگه‌و ئاگركردنه‌وه له‌ناسرییه كۆتایی پێهێندرا"، ئه‌وه‌ش قسه‌ی فه‌رمی كه‌سێكه كه ساڵانێكه قسه‌كانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت به‌وپێیه‌ی وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك له‌سه‌در ناسراوە لەڕابردودا.
"پاككردنه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی حبوبی" په‌یامی ساڵح عێراقی بوو كه وه‌ك وه‌زیری سه‌در بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران ناوی ده‌هێندرێت، ئه‌و له‌تویته‌ر نوسیویەتی:"پاڵه‌وانه‌كان به‌رده‌وامبن له‌پاكسازیی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی‌و شكۆی ده‌وڵه‌ت کە ئەمە ئەوپەڕی پشتیوانیی ڕاستەوخۆی سەدرییەکانە بۆ هێرشکارانی سەر خۆپیشاندانەکان".
هه‌ڵكشانی گرژییه‌كانی شیعه له‌به‌غداو ناسرییه، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی خستوه‌ته دۆخێكی چاوەڕوان نەکراوەوە، چونكه ده‌بێت ڕۆڵبگێڕێت بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕی ناوخۆی شیعه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك، هاوكات هێزه ئه‌منییه‌كانیش كه له‌ژێر فه‌رمانی كازمیدان، ده‌سته‌وه‌ستانن به‌رامبه‌ر گۆمی خوێنی خۆپیشانده‌ران.
چاودێرانی سیاسی پێشبینیده‌كه‌ن ڕۆژانی داهاتوو بۆ عێراق پڕده‌بێت له‌پێشهاتی نوێ، هاوكات پێشبینیكراوه ئه‌گه‌ر فشاره‌كانی سه‌ر كازمی به‌رده‌وامبن، ناوبراو ناچاربێت ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه پێشئه‌وه‌ی گۆمی خوێنی خۆپیشانده‌ران هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌ڵسێت.
هێرشكردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی سه‌دره‌وه خواستی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی عێراقی به‌به‌رفراوانی زیادكردوه، خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن ده‌بێت دژی "داگیركاریی سه‌درییه‌كان" بوه‌ستنه‌وه.
ئه‌حمه‌د ناشی، چالاكوانی خۆپیشاندانه‌كان به‌ڕۆژنامه‌ی "العربی جدید"ی وتوه، لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌پارێزگاكانی كه‌ربه‌لا، نه‌جه‌ف‌و به‌سره ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌و ده‌شڵێت:"دۆخی عێراق مه‌ترسیداره، گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی سه‌دردایه، ده‌مانه‌وێ خۆپیشاندانه‌كان ببنه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی سه‌ركوتكاری میلیشیاكان".
دوای هێرشكردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران ڕاسته‌وخۆ سه‌در خۆی هاته‌سه‌رخه‌ت‌و به‌تویتێك نیشانی‌دا ئه‌و پاڵپشتی هێرشكردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران بوه، سه‌در نوسیبوی:"سه‌لماندتان عێراق، عێراقی مه‌رجه‌عیه‌ته، عێراقی سه‌درییه‌كانه، عێراق له‌سنور ده‌رچوه‌كان حوكمی ناكه‌ن، ئەم پەیامەی سەدر بوە ئاگرێکی تازە پشکوتوو لەناخی خۆپیشاندەرانداو بانگەشەی بەردەوامیدان بەخۆپیشاندان دەکەن".
عه‌لی غه‌زی چالاكوانی دیاری خۆپیشاندانه‌كانی ناسرییه ڕه‌خنه‌ی توند له‌سه‌در ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت:"سه‌در له‌سه‌ر حسابی خوێنی عێراقییه‌كان ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كات، مسته‌فا كازمیش ده‌یپارێزێت، ئه‌وه‌ش له‌دوای بێده‌نگبونی به‌رامبه‌ر ئه‌و زنجیره تاوانه‌ی سه‌درییه‌كان له‌باشوری عێراق ئه‌نجامیاندا".
حكومه‌تی عێراق دوای ئه‌و زنجیرە خوێنڕشتنه، هاوشێوه‌ی حكومه‌ته‌كانی پێش خۆی هیچی له‌ده‌ست نایه‌ت جگه‌له‌وه‌ی دوباره لیژنه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌ڕاستییه‌كان‌و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران دروستبكات.
ڕوانگه‌ی "ئافاد" بۆمافه‌كان پێیوایه، هێرشی ئه‌مدواییه‌ی سه‌ر خۆپیشانده‌ران نیشانده‌ری تێوه‌گلانی حكومه‌ت‌و میلیشیاكانە بۆڕێگریكردن له‌ده‌ركه‌وتنێكی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی نوێی گه‌نجان کە ئامانجیان بەشداریکردن بێت لەهەڵبژرانە پێشوەختەکەی هاوینی ساڵی داهاتوو.