دوای فشارە نێودەوڵەتییەکان.. تورکیا دەستیکرد بە کێشانەوەی بەچەکدارە سورییەکان لەلیبیا

جیهان

21/03/2021‌ 1659 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوای گوشارە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان، تورکیا بە کرداری دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی بڕیاری کێشانەوەی بەکرێگیراوە بیانییەکان لە لیبیا، لەناویاندا بەکرێگیراوە سورییەکان.

لەبەیاننامەیەکی روانگە سورییەکەدا هاتووە کە لەپێشهاتێکی نوێدا و دوای چەندین داواکاریی وڵاتانی جیهان لە تورکیا بەوەی بەکرێگیراوەکانی لەلیبیا بکێشێتەوە، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی لایەنە لیبییەکان بۆ درووستکردنی حکومەتێکی تەوافوقی، دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانیان بە بەکرێگیراوە سورییەکان کردووە لیبیا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

ڕوانگەی سوری بڕیارەکەی تورکیا بۆ کێشانەوەی بەکرێگیراوە بیانییەکان لەلیبیا بۆ گوشارەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبیی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت ئەنقەرە دەیەوێت لەڕێگای کێشانەوەی ئەو چەکدارانە نیازپاکییەک بەرانبەر بە میسر پیشان بدات کە ماوەیەکە ئەو وڵاتە هەوڵی نزیکبوونەوە لە قاهیرە دەدات.

رۆژی سێشەممەی رابردووش ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە کە تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ئەنقەرە لەماوەی دوو هەفتەدا بەکرێگیراوە سورییەکان لەسەر خاکی لیبیا بکێشێتەوە،

سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە کەناڵی سکای نیوز عەرەبی راگەیاندبوو کە سەرجەم بەکرێگیراوە سورییەکان لەناو یەک سەربازگە لە ررۆژئاوای شاری تەڕابلووس کۆکراونەتەوە، بۆئەوەی پۆل پۆل لەڕێگای فڕۆکەخانەی مەعیتیقیە بەرەو سوریا بەتایبەت بەرەو شارێکی تورکی لەسەر سنووری سوریا بگوازرێنەوە، دواجار ڕەوانەی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان بکرێن.

سەرچاوەکە پێشبینی کردووە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا یەکەم گەشتی گواستنەوەی بەکرێگیراوە سورییەکان لە فرۆکەخانەی مەعیتیقە دەستپێبکات.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی