پەستانی خوێن چییە؟ نیشانەکانی چین‌و چۆن چارەسەردەکرێت؟

تەندروستی

05/04/2021‌ 4542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پێگەی"Medical News Today" بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی پەستانی خوێن ئەگەری تووشبوونی کەسەکە بەحاڵەتە تەندروستییە مەترسیدارەکانی وەک سەکتەی مێشک‌و نۆرەدڵێ، پەککەوتنی گورچیلەو نەخۆشییەکانی گورچیلە زیاد دەکات.

بەگشتیی دابەزینی پەستانی خوێن بەراورد بەبەرزبوونەوەی بەگرفتێکی گەورە هەژمار ناکرێت، بەڵام ئەگەرهات‌و بەشێوەیەکی بەردەوام پەستانی خوێنی کەسێک دابەزی، ئەوە لەوکاتەدا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.

نیشانەکانی بەرزە پەستانی خوێن:
بەرزە پەستانی خوێن نیشانەی دیاری نییە، لەبەرئەوە تاکە ڕێگای زانینی ئەوەی کە ئایا پەستانی خوێنی کەسێک لەئاستێکی سرووشتیدایە، ئەوە پێوانی پەستانی خوێنە.

جگەلەوەی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەسەر ئاستی دوورمەودا دەبێتە هۆی مەترسیی تووشبوون بەچەندین دۆخی تەندوروستیی کە ڕەنگە مەترسیی لەسەر ژیانی کەسەکە درووستبکات وەک:

ـ نەخۆشییەکانی دڵ
ـ نۆرەدڵێ
ـ سەکتەی مێشک
ـ سەکتەی دڵ
ـ نەخۆشییەکانی گورچیلە
ـ نەخۆشیی شارخوێنبەرەکان
ـ خەڵەفان

نزمەپەستانی خوێن
نزمبوونەوەی پەستانی خوێن وەک بەرزبوونەوەی مەترسیدار نییە، لەگەڵ ئەوەشدا لەباریدا هەیە کەسەکە تووشی چەندین نیشانەی نەخواستراو بکات وەک:

ـ سەرلەگێژەوەهاتن
ـ دڵ تێکەڵهاتن
ـ ناڕوونی بینین
ـ وشکبوونەوەو تینوێتییەکی نائاسایی
ـ هەستکردن بەلاوازیی
ـ پێستێکی ساردو شێدارو زەرد هەڵگەڕاو
ـ لەهۆشخۆچوون

هۆکارەکانی نزمبوونەوەی پەستانی خوێن جۆراوجۆرن، وەک خواردنی هەندێک دەرمان، سکپڕی، تووشبوون بەنەخۆشیی شەکرەو هۆکاری بۆماوەیی، هەروەک دەکرێت کەمبوونەوەی بەرچاوی خوێن لەجەستەدا بەهۆی برینداربوون‌و خوێن لەبەر ڕۆیشتن مرۆڤ تووشی نزمە پەستانی خوێن بکات، جگە لەبوونی گرفتەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ‌و کوێرە ڕژێنەکان.

چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە
دەکرێت کۆنترۆڵی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بکرێت‌و بگێڕدرێتەوە بۆ ئاستە سرووشتییەکەی، ئەویش لەڕێگای گۆڕینی شێوازی ژیانی ڕۆژانەوە، بەمجۆرەی خوارەوە:

ـ خواردنی خواردەمەنییە تەندرووستەکان
ـ کەمکردنەوەی خواردنی خوێ
ـ دابەزاندنی کێشی جەستە
ـ وەرزشکردن
ـ کەمکردنەوەی خواردنی کافایین
ـ وازهێنان لەجگەرەکێشان

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی