لە رێگەی شارپرێسەوە کرێی یەک ساڵی ماڵە هەژارێک دابینکرا

کوردستان

26/04/2021‌ 1109 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە درێژەی پێشکەشکردنی بەرنامەی "میوانی تۆین" کرێی یەک ساڵی ماڵە هەژارێکی قەزای ڕانیە دابینکراو خاوەن ماڵەکەش داوای هاوکاریی و بە دەمەوە هاتن دەکات لە رێگەی شارپرێسەوە.

لە ئەڵقەی ئەمشەوی بەرنامەی "میوانی تۆین" کە ئەلقەی چواردەهەمی بەرنامەکە بوو، کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری کوردستان میوانی بەرنامەکە بوو، ماڵە هەژارێکی قەزای ڕانیە بەسەرکرایەوەو لە بەرنامەکەدا خەم و ئازار و ڕاستیی دۆخی ماڵەکە پیشاندرا کە پێاویکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە کاری بۆیاخچیتی ژیان و گوزەرانی منداڵ و هاوسەرە نەخۆشەکەی دابیندەکات و، داوای هاوکاریی لە خێرخوازان و مرۆڤدۆستان دەکات بە هانایەوە بچن، کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاریش کرێی یەک ساڵی تەواوی ئەو ماڵەی لە ئەستۆگرت و ڕایگەیاند ئەمە شتێکی کەمە من دەیکەم و دەبێت هەموومان پێکەوە هەوڵ بدەین بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیمەنانە لە کوردستان.

لە درێژەی بەرنامەکەدا"سامان" کە باوکی منداڵێکەوهاوسەرەکەی نەخۆشی شێرپەنجەی توشبوەو منداڵی دوەمیان چەند ڕۆژێکی تر چاو بە دنیا هەڵدێنێت زۆر بە وردی باسی چیرۆکی ژیان و دۆخی خۆی کرد بۆ کاروان گەزنەیی پەرلەمانتار و بینەرانی بەرنامەکە، بە جۆرێک کە هیچ پێداویستیەکی ژیانێکی ئاسایی و سادەیان نییە کە بتوانن ژیانێکی ئاسایی پێ بەرێبکەن.

کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری لە بەرامبەر خەم و چیرۆکەکانی ساماندا خۆی و هەموو بەرپرسانی کوردستانی خستە بەردەم بەر پرسیارێتی و وتی" ئەمە بەرپرسیارێتی هەموانەو نابێت هیچکاممان خۆمانی لێ بێ بەری بکەین، بەداخەوەین کە دۆخی هاونیشتمانیەکانمان لەم دۆخە خراپەدایەو دەبێت حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە زویی چارەسەری دۆخی ئەم ماڵە هەژارانە بکەن و بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە".

لە کۆتایی بەرنامەکەدا کاروان گەزنەیی پەرلەمانتار سوپاس و دەستخۆشی خۆی بە ستافی بەرنامە و  تەواوی شارپرێس وت بۆ بیرۆکەی بەرنامەکەو ئەو هەوڵەی کە شارپرێس دەستی پیکردوە و شار بەشار و ماڵ بەماڵ بەدوای خەمی هەژاران و نەداراندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە ئامانجی هاوکاری و کۆتاییهێنان بە فرمێسکی چاوی منداڵیکی هەژار و دایکێکی نەدار.

بەپەلە