شارپرێس
فەرماندەیی گشتی هێزەکانى یەبەشە ڕایگەیاند: لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر شەنگال، فەرماندە سەعید حەسەن، برازایەکی و شەڕڤانێکی یەبەشە شەهیدبوون و سێ هاوڵاتی مەدەنییش برینداربوون.
ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە، لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا بۆسەر شەنگال، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەمە یەکەم هێرشی قڕکەر و فاشیستانە لەدژی خەڵکی ئێزدی نییە و بەردەوامیی قڕکردنی ئێزدییەکانە، کە دژی مافی ئێزدییەکان، خۆپاراستنیان و خۆبەڕێوبەرییان ئەنجامدەدرێت
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەم هێرشەدا فەرماندەی یەبەشە سەعید حەسەن، برازایەکی و شەڕڤانێکی یەبەشە بەناوی عیسا خوەدێدا شەهیدبوون، هەروەها سێ هاوڵاتیی مەدەنی بەناوەکانی؛ مەدیا قاسم سمۆ، شامر عەباس بەرجەس و میرزا عەلی برینداربوون.
یەبەشە داوا لە خەڵکی ئێزدی، گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەكات، کە لە بەرامبەر هێرشەکانی فاشیزم دەنگی خۆیان دەرببڕن و خاوەنداریی لە شەهیدان بکەن.
ئەمڕۆ لە شەقامی بازاڕی کۆنی شەنگال، ئۆتۆمبێلێکی هێزەكانی یەبەشە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی توركیاوە کرایە ئامانج.
س.س