هەر فڕۆکەیەک بەئاسمانی عێراقدا تێپەڕێت 450 دۆلاری لێوەردەگیرێت

عیراق

28/10/2021‌ 1651 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشكرایده‌كات، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکی سەرکەوتوو بوە، ئەویش بەدەرکردنی ئاگادارکردنەوەی (NOTOAM) بەوەی کە بواری ئاسمانی عێراق بۆ فڕۆکەوانی ترانزێت سەلامەتە، ده‌شڵێت:"ڕۆژانە 400 فڕۆکە بەئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن کە کرێی تێپەڕینی هەریەکێکیان 450 دۆلارە".

حەیدەر فازڵ بەڕێوەبەری یەکەی هەرێم لەکۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییە فڕۆکەوانییەکان لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی عێراق بەڕۆژنامەی "سەباح"ی وتوە، "ئیدارەی فڕۆکەوانیی ئەمریکی (FAA) لەدوای ساڵی 2014و بەهۆی داگیرکردنی بەشێک لەخاکی عێراق لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بواری ئاسمانیی عێراقی وەک بۆ فڕینی فڕۆکەی مەدەنی‌و لەهەموو ئاستەکان بەمەترسیی دانا، کە ئەوەبوە هۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری کۆمپانیا فڕۆکەوانییە جیهانییەکان بواری ئاسمانیی عێراق جێبهێڵن".

فازڵ ئاماژەی بەوەکردوە، "پێش ساڵی  2014 ڕۆژانە 700 فڕۆکە لەبواری ئاسمانیی عێراقدا دەپەڕینەوە، لەبەرئەوەی ڕێگایەکی کورتە بەرەو ئەوروپاو بەکاربردنی سوتەمەنی کەمتردەکاتەوە، بەڵام دوای هۆشدارییەکەی ئیدارەی فڕۆکەوانی ئەمریکی ژمارەی ئەو فڕۆکانەی ڕۆژانە لەئاسمانیی عێراقدا تێدەپەڕین بۆ 30 فڕۆکە کەمبۆوە".

به‌وته‌ى بەرپرسەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، "لەئێستادا ڕۆژانە 400 فڕۆکەی مەدەنی بواری ئاسمانیی عێراق بەکاردەهێنن کە کرێی تێپەڕین 450 دۆلارە، ئەوەش کاریگەرییەکی ئابوریی گەورەی هەیەو دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت لەدراوە قورسەکان".