شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەدوای تۆمارکردنی شێوە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەباشوری ئەفریقیا بەناوی "ئۆمیکرۆن"،کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانییەوە وەک " ڤایرۆسێکی نیگەرانکەر"وەسفکراوە، هەروەک دوای تۆمارکردنی ڤایرۆسەکە لەچەند وڵاتێکی تری جیهان، وەزارەتی تەندروستیش چوار ڕاسپاردەی بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسەکە لەعێراق دەرکردوە.
ئەو چوار ڕاسپاردەیەش بریتین لە:
1ـ پێویستی زیادیکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی خۆیان دەکوتن بەمەبەستی گەیشتن بەبەرگری بەکۆمەڵ دژ بەکۆرۆنا، بۆئەوەی دەبێت ناوەندەکانی کوتانو کاتی تەرخانکراو بۆ کوتانی هاوڵاتیان زیاتربکرێت، هەروەک تیمەکانی کوتان لەفەرمانگە حکومییو ناحکومییەکانو ناوەندەکانی خوێندن زیاتربکرێن.
2ـ چاودێریکردنی ڕۆژانەی دۆزی نەخۆشخانەکانو ژمارەی قەرەوێڵەی ناوەندەکانی چاودێری چڕ، هەروەک بەردەستبونی دەرمانو پێداویستییە پزیشکییەکانو ئەو پشکنینانەی تایبەتن بەڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ دڵنیابونەوە لەبونی ئۆکسجینو کەلوپەلی خۆپارێزیی کەسیی.
3ـ دڵنیابونەوە لەکارایی چاودێریی تەندروستییو بەدواداچونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای تەندروستییو سەلامەتیی نیشتیمانییو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ڕێکارە خۆپاریزییەکانو چاودێریکردنی فرۆشگه گشتییەکانیو قوتابخانەو پەیمانگهو کۆلێژو زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.
4ـ چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستیی هاوڵاتیان لەبارەی گرنگیی وەرگرتنی ڤاکسین، بەوپێیەی تاکە ڕێگهیە بۆ پاراستنی خۆیانو خێزانەکانیان.
و: ئاکۆ ئاڵی