سی ئای ئەی‌و کورد

مەلەفی تایبەت

22/09/2022‌ 950 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەساڵی 1947 کۆنگرێسی ئەمریکی بڕیاری ئاسایشی نیشتمانی دەردەکات‌و لەئەنجامی ئەوەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دادەمەزرێت کە لەژێر سایەیدا دەزگای سیخوڕی ئەمریکی دروستدەبێت، کە زیاتر بەکورتکراوەی CIA ناسراوە.

ئەمساڵ تەمەنی ئەم دەزگایە دەبێتە 75 ساڵ، ماوەیەک لەمەوپێش جۆ بایدن بۆ پیرۆزبایی سەردانی بنکەی سەرەکی ئەم دەزگایەی کردو لەوێ بەزمانێکی گاڵتەئامێزەوە وتی، "پەیوەندی من لەگەڵ ئەم دەزگایەدا 75 ساڵ نییە، بەڵام 51 ساڵە، وەک زۆربەی سیاسییەکانی تری ئەمریکا لەنیوسەدەی تەمەنی سیاسیدا بایدن بەردەوام لەکارو پەیوەندیدا بوە لەگەڵ ئەم دەزگایەدا، ڕەنگە لەئێستادا دەربڕینی ئەم نزیکایەتییەش لەلایەن بایدنەوە پەیوەندی بەڕەهەندێکی ترەوە هەبێت ئەویش نەیارێتی باڵی ترەمپە لەناو کۆمارییەکان بۆ سی ئای ئەی".

ترەمپ سی ئای ئەی وەک دەوڵەتی قوڵ دەبینێت. دەوڵەتی قوڵ، کە ڕەگی وەک دیاردەیەک زیاتر تورکیە، بەڵام لەمساڵانەی دواییدا وەک چەمکێک ئامادەیی زۆری هەیە لەخیتابی ئەمریکیدا، ئەمە لەکاتێکدا سی ئای ئەی، بۆی نییە بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان بکات لەکاروباری ناوخۆی ئەمریکادا، بەڵکو بواری کاری دەرەوەی ئەمریکایە.

من هەستدەکەم پاڵنەری ترەمپ زیاتر کەسییە نەک فیکری. ترەمپ هەستدەکات لێپرسینەوەکانی بۆ لابردنی سەرچاوەی زانیارییەکانی ئەم دەزگایەیە، بۆیە وەک ڕێگرو نەیارێک دەیبینێت، بەڵام ترەمپیەکان هەتا ڕادەیەک دیدێکی فیکرییان هەیە لەمبارەوە. دەکرێت ئەم دیدە فیکرییە لەدوو توێی پرسیارێکدا دەرببڕین: ئایا سیاسەت پشێوییە یان ڕێکخراوە؟ یان ئەگەر هاتوو سیاسەت ڕێکخرا، ئەوا بەسیاسەت دەمێنێتەوە یان دەبێتە کارگێڕیی؟

لەمساڵانەی دواییدا ئیدارەسازیی، managerialism بەشێوەیەکی بەرچاو زاڵبوە بەسەر زۆر بواردا، بەهۆکاری زاڵبونی نیولیبرالیزم. مانیجڕیاڵیزم بڕوای وەهایە کە دەوڵەتداریی یان حوکمداری بەپلان‌و ڕێکخراوو هەنگاوی دیار، ئەنجامدەدرێت. بۆ نمونە لەساڵانی ڕابردودا لەدونیای سیاسی ئێمەدا، باس لەحوکمی ڕەشید، یان تەکنۆکرات، یان شارەزا دەکرێت. هەروەها باس لەگرنگی بڕوانامەو ئەزمون‌و ئەمانە دەکرێت.

ترەمپییەکان دژ بەئەمانەن، بڕوایانوایە کە سیاسەت بەمشێوەیە ناکرێت، بەڵکو دەبێت پشێوی هەبێت، بۆ ئەوەی سیاسەت فەراهەم بێت، دیارە ترەمپیەکان وەها دەبینن ئەمانە خەسڵەتی چینی خاوەن دەسەڵاتن، کە پێیان دەڵێن ئیستابلیشمێنت.

بەدیدی من دژایەتی ترەمپیەکان بۆ ئەم ڕەهەندە هێندە فیکری نییە، بەڵکو زیاتر، بەشێکە لەخیتابی ململانێی دەسەڵات، ئەوان هەستدەکەن توژێک زاڵبوە بەسەر دەسەڵاتدا، کە ئەم توێژە ئیدارەسازەن، بۆ دژایتیکردنیان دەبێت دژایەتی میتۆدەکەیان بکەیت. ئەمە مانای وەهانیە کە میتۆدەکەیان جێگای ڕەخنەنیە. (ئەمە بوارێکی ئاڵۆزە، لێرەدا تەنها ئەوەندە پێویست دەکات).

سی ئای ئەی یەکێک لە کارەکانی پێدانی زانیارییە دەربارەی ئەوەی لە دونیادا دەگوزەرێت بە سەرۆک و حوکمڕانەکانی ئەمریکا. لە یەکەم پوختەی زانیارییاندا بۆ سەرۆک ترومان، بەشێک لە زانیارییەکان دەربارەی پەیوەندی نێوان سۆڤیەت و ئێرانە. لە هەناو پەیوەندی سۆڤیەت و ئێراندا کۆماری مهاباد و پرسی کورد هەبوو. لە چل و حەوت، تازە کۆماری مهاباد تەواوبوە و سەرەتاکانی جەنگی ساردە، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین کە هەر لە سەرەتاوە سی ئای ئەی و پرسی کورد نزیکبوون لە یەک.

پەیوەندی کورد و ئەمریکا مێژویەکی درێژی پەیوەندی سی ئای ئەییە. پەیوەندی سی ئای ئەیی، پەیوەندی نهێنییە. پەیوەندی نهێنی یانی ئەوجۆرە پەیوەندیەیە کە دەوڵەتێک دەخوازێت دروستی بکات، بەڵام لە هەمانکاتدا نکوڵی لێبکات یان هەر کاتێک دۆخەکە گۆڕان دەستبەرداری ببێت بەبێ هیچ کێشەیەک یان وەهای ناوبنێت کە خێرخوازییە، وەک کیسنجەر ووتی. ئەم جۆرە پەیوەندییە دژ بە کرۆکی خواستی کوردە کە هەمیشە ویستویەتی پەیوەندییەکە نەک هەر سیاسی و پتەوبێت بەڵکو لە سەرو یان دەرەوەی مێژوو بێت. پەیوەندی نامێژویی ئەو جۆرە پەیوەندیانەن کە لە سەر بنەمای بەها و ئەخلاق و نەرێتی دەزگایی و کەلتور و زۆر بواری تر دادەمەزرێن، ڕەنگە پەیوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل زەقترین جۆری ئەم پەیوەندیانە بێت.

مشتومڕی زۆر هەیە لەوەی کە ئایا پەیوەندی کورد و سی ئای ئەی بە تایبەتی لە باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چ سەردەمێک؟ قۆناغێک کە قسەی زۆری لە سەرە لە لایەن لێکۆڵەرەوانەوە شەستەکانە، بە تایبەتی هاتنی عەبدولکەریم قاسم بۆ دەسەڵات. هەندێک وەها بیردەکەنەوە کە دژایەتی کورد بۆ قاسم لە شەستەکان بە فیتی سی ئای ئەی بوە، بەڵام ڤلادسلاڤ زبوک، مێژونوسی شارەزای سۆڤیەت، بەکارکردن لە سەر ئەرشیفی سۆڤیەت، دەڵێت سۆڤیەت لە پشت یاخی بونی کوردەوە بوون لە شەستەکان. بۆیە برایان گیبسن دەڵێت پەیوەندی کورد و سی ئای ئەی لە ١٩٧٢ دروست دەبێت. لەو ساڵەدا سۆڤیەت و عێراق ڕێکەوتنی هاوکاریی و هاوەڵێتی واژۆ دەکەن. (کەسێک بە ووردی کاری لە سەر ئەم بوارە کردوە، د. بورهان یاسینە).

هەتا ئەو ڕێکەوتنەی نێوان عێراق و سۆڤیەت: بەعس و سی ئای ئەی دۆست بون. سی ئای ئەی بۆ دژایەتی شیوعیەکان هاوکاری بەعس دەکات، تەنانەت ناوی چالاکوانە شیوعیەکانیشیان پێدەدات. ئەوەی جێگای سەرنجە، پاش بوونی ئەمجۆرە پەیوەندییە نزیکییە، چۆن بەعس دەچێتە بەرەی سۆڤیەتەوە؟

سی ئای ئەی دەزگایەکی زۆر ئاڵۆزە، کە چەندین جۆر لە کار دەکات. کاری تەنها بەدستهێنان و کۆکردنەوەی زانیاری نیە، بەڵکو کاری کرداریش دەکات، وەک نانەوەی پشێوی، دروستکردنی ڕێکخراو و دەزگا و ناوەند. هەندێک لە ڕەخنەگرانی ئەم دەزگایە بڕوایان وەهایە کە جۆرێک لە سەربەخۆیی وتایبەتمەندی خۆی وەرگرتوە و زۆرجار جودا لە دەوڵەت یان بەبێ ئاگایی دەوڵەت کار دەکات. دیارە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم دەزگایانە دروستکردنی وێنا و ئەفسانە و حەکایەتی پاڵەوانیە کە خەڵی وەک قارەمان و خاوەن توانای سەروو مرۆیی بیانبینێت، تەنها بیر لە جەیمس بۆند بکەرەوە. بەڵام ماوەی پێشوو گۆڤاری نیورکەر ڕاپۆرتێکی درێژی دەربارەی کەسێکی خاوەن کێشە لە ناو ئەم دەزگایەدا کرد، لە ڕاستیدا وەک هەر دەزگایەکی تر پڕیەتی لە ڕۆتین و ڕکەبەری شەخسی و سایکۆلۆجی و ئەم جۆرە کێشانە.

بوارێک کە گرنگە لە بەرچاوی بگرین گرنگی و بایەخی ئایدیایە لە لایەن ئەم دەزگایەوە. ئایدیا کرۆک و پاڵنەری سەرەکی کردار و رەفتاری مرۆڤەکانە. بۆیە پەیوەندی نێوان ئایدیا و دەسەڵات هەرچەندە ڕاستەوخۆیە بەڵام ئاڵۆزە.

سی ئای ئەی لەمبوارەدا هەمیشە بە ڕوپۆشراوی کاری کردوە، چونکە هیچ ناوەندێکی فیکریی ناتوانێت بە ئاشکرا پەیوەندی لە گەڵ سی ئای ئەیدا هەبێت، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر بەها و ڕۆڵی کارەکانی دەبێت. لەم روانگەیەوە کاتێک جەنگی سارد جەنگێکی فیکرییە، کاتێک جەنگی دژە تیرۆر رەهەندێکی سەرەکی جەنگی فیکرییە، ئەوا پەیوەندی ئەم دەزگایە لە گەڵ ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی فیکر و بڵاوکردنەوەی فیکر و دانانی کاریگەر لە سەر فیکر زۆر زەقە.

زۆرجار ئەم پەیوەندییە، پەیوەندی نێوان دوو لایەن نیە، بەڵکو زۆرجار لایەنی بەرهەمهێنانی فیکر نازانێت کە لە لایەن دەزگایەکی وەهاوە پشتیوانی دەکرێت. زۆر خەڵک کاردەکەن بۆ ئەم دەزگایە ڕەنگە ئەگەر لێی بەئاگابن دژی بن.

لەدوای ڕوخانی سەدام، پەیوەندی نێوان کورد و ئەم دەزگایە وەک جاران نامێنێت. ئەمریکا زەمینەی بۆ دەڕەخسێت هەتا بە ئاشکرا پەیوەندی لە گەڵ کورددا هەبێت. ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە. قۆناغی ئاشکرایی پەیوەندیی کورد زۆر کەم توانیویەتی لێی سودمەندبێت، چونکە هەتا ئێستا خەسڵەتەکانی قۆناغی نهێنی بەدەریدا زاڵە. سیاسییە کوردەکان لە هەناو دۆخی نهێنی ئیستخباراتیدا یەقیان گرتوە بە ئاسانی ناتوانن بوارەکانی تری پەیوەندی و کاریگەریی و ببیننەوە.

سەردار عەزیز