فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم كردەوە دوژمنكارییە پێشێلی سەروەری خاك و ئاسمانی عێراقە

کوردستان

18/09/2023‌ 675 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "بەتوندی كردەوە دوژمنكارییەكەی ئەمڕۆی فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی سەربە ناحیەی عەربەتی پارێزگای سلێمانی دەكەین، كە بەهۆی بوردومانی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە شەش پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهید و برینداربوون".

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەم كردەوە دوژمنكارییە پێشێلی سەروەری خاك و ئاسمانی دەوڵەتی عێراقە، كە بەداخەوە ئەمە چەندینجارە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستان روودەدات و هەرەشەشە بۆ سەر ئۆقرەیی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان".

هەروەها دەڵێت "داوای لەحكومەتی ئیتحادی دەكەین كە بێتە دەنگ لەئاستی ئەم پێشلكاریانەی سەر سەروەری عێراق و رێوشوێنی دیپلۆماسی بگرێتەبەرو ئەنجامدەرانی ئەمجۆرە كردەوە دوژمنكارییانە ناچار بكرێن رێز لە سەروەری خاك و ئاسمانی عێراق بگرن".

راشیگەیاند "داوا لە فراكسیۆن و پەرلەمانتارانی نیشتمانپەروەری ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكەین هەڵوێستیان هەبێت لەپاراستنی سەروەری و ئارامی عێراق".