چالاکییە جەستەییەکان تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکەنەوە

تەندروستی

10/11/2023‌ 434 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، کە لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ژینگەیی و تەندرووستیی گشتیی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە وەرزشی بەپێ رۆیشتن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە هەفتەیەکدا، دەتوانێت تەمەنی مرۆڤ درێژ بکاتەوە.

تیمێکی زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە ڕاکردن بۆ ماوەی لانیکەم 75 خولەک لە هەفتەیەکدا دەبێتە هۆی زیادکردنی 12 ساڵ بۆ ژیانت.

لە میانی توێژینەوەکەدا کە لەسەر زیاتر لە چوار هەزار و 400 کەس ئەنجامدراوە، توێژەران بەراوردیان لەنێوان ئەو کەسانەدا کردووە کە بەلایەنی کەمەوە75 خولەک لە هەفتەیەکدا ڕایانکردووە، لەگەڵ ئەو کەسانەی هەفتانە کەمتر لە10 خولەک ڕایانکردووە، ئەنجامەکانیش دەریانخستووە کە75 خولەک ڕاکردنی هەفتانە بۆتە هۆی جیاوازی لە تەمەنی بایۆلۆژی نزیکەی12 ساڵ.

زانایان دەڵێن بەپێ رۆیشتن بۆ ماوەیەکی پێویست رۆڵی هەیە لە پاراستنی درێژی پێکهاتەکانی تێلۆمێر کە لەDNAی خانەدا هەیە بۆ ماوەیەکی زیاتر، ئەمەش یارمەتیی پاراستنی گەنجیی خانەکان دەدات، بەوپێیەی لەگەڵ بەتەمەن داچووندا تێلۆمێرەکان کەمدەبنەوە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاستی کارکردنیان دەبێت.

زانایان ڕوونیان کردۆتەوە کە لە ئێستادا پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی باشتر لە پەیوەندیی نێوان ڕاکردن و تەمەن درێژی تێبگەین. بەڵام تیمی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە کەمبوونەوەی درێژی تێلۆمێرەکان پەیوەندی بە زیادبوونیڕێژەی مردن و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جۆراوجۆرەوە هەیە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی