شارپرێس:
بڕیاروایه کاتژمێر یه‌كى پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، یەکەم کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک به‌ڕێوه‌بچێت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیش هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا نییه‌و ئێمه‌ش وه‌ك یه‌كێتى سورین له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى پارێزگارى شاره‌كه".
ڕێبوار تەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لەئەنجومەنى پارێزگاى كه‌ركوك ڕایگه‌یاندوه، ئه‌وان وه‌كو فراكسیۆنى یه‌كێتى، پێشوازیی لەداواکارییەکەی سەرۆک وەزیران دەکەن بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ.
سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى ئه‌وه‌شى وت:"دانیشتنەکەی ئه‌مڕۆ، تەنها بۆ ڕەوایەتیدانە بەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک‌و دەستبەکاربونی، کە بەگوێره‌ى یاسا لەگەڵ یەکەمین دانیشتن دەستبەکاردەبێت".
ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک خاوه‌نى 16 کورسیه، یەکێتى زۆرترین کورسیی بەدەستهێناوەو خاوەنی پێنج کورسییە، له‌و ڕوه‌شه‌وه ڕێبوار تەها جه‌ختده‌كاته‌وه، ''بەگوێره‌ى شایستەی هەڵبژاردن، بەباشی دەزانین‌و جەختیشی لێدەکەینەوە، پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بێت".
لاى خۆیشیه‌وه میدیاى نزیك له‌پارتى نوسیویه‌تى:"تائێستا زۆربەی لایەنە براوەکان بەپارتی‌و یەکێتیشەوە ڕەزامەندیی خۆیان بۆ بەشداربون لەکۆبونەوەکەی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە دەربڕیوە"، ڕێبوار ته‌ها-ش ده‌ڵێت:"تائێستا بۆ دیاریکردنی پارێزگار‌و دابەشکردنی پۆستەکانی دیکەی ئەنجومەن، هیچ لێکنزیکبونەوەیەک لەنێوان یەکێتی‌و لایەنە براوەکاندا نییە".
له‌كه‌ركوك پارتى خاوه‌نى دوو كورسیه، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە شه‌ش کورسی، تورکمان دوو کورسی‌و کریستیانەکان یەک کورسیی کۆتایان هەیە.
دوێنێ ڕاکان جبوری پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت وەک ئەندامى ئەنجومەن لەدادگا سوێندی یاسایی خوارد، بڕیاریشە وەکو بەتەمەنترین ئەندام، ئه‌مڕۆ سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنەکە بکات، به‌گوێره‌ى یاساش ئەوکەسەی سەرۆکایەتیی کۆبونەوەکە دەکات، تەنها یەک ئەرکی هەیە، ئەویش کردنەوەی دەرگای یاساییە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەن‌و جێگرەکەی، دوای دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش دەبێت لەماوەی 30 ڕۆژدا پارێزگاری نوێ هەڵبژێردرێت، تاوەکو ئەوکات دەکرێ یەکێک لەجێگرەکانی ڕاکان جبوری، کارەکان بەوەکالەت ڕایی بکات، بەڵام ئەرکەکەی تەنها کاربەڕێکەری دەبێت‌و کاری ڕۆژانەی حکومەت ڕایی دەکات.
بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بوو بۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەسەر داواى پارێزگار، بەهۆى ڕێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو کۆبونەوەیە نەکرا، ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە لە 16 ئەندام پێکهاتوە؛ بۆ کۆبونەوە پێویستى بەئامادەبونی زۆرینەى سادەیە کە نۆ ئەندامەو تائێستا پێشبینیدەکرێت بۆ کۆبونەوەی ئه‌مڕۆ، زیاتر لەنۆ ئەندام ئامادەببن.
زیاتر لەحەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئه‌نجامدراوه، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکان، تائێستاش ئەنجومەنی نوێ نەیتوانیوە کۆببێتەوە.
