لێکۆڵەرێکی سیاسی بۆ شارپرێس: ئەگەری سەرهەڵدانی ڕاپەڕین لە تورکیا هەیە

جیهان

23/03/2025‌ 1432 جار خوێندراوه‌ته‌وه


حوسنی محەلی، رۆژنامەنووس و لێکۆڵەری سیاسی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس لەبارەی دۆخی تورکیا کۆمەڵێک پرسی گرنگ دەوروژێنێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

پرسیار: پێتوایە ئەوەی لە تورکیا ڕوودەدات، لەدایکبونی تورکیایەکی نوێیە، یاخود ململانێیەکە بەبێ ئەنجام کۆتایی دێت؟

حوسنی محەلی: تورکیا لەدوای ئەمڕۆوە، تورکیایەك نییە وەك ئێستا، ئەوەش لەئەنجامی گۆڕانکارییەکانی دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، هەروەها قەدەغەکردنی کارکردنی سیاسی و ململانێکان لەسەرجەم ئاڕاستە و بوارەکاندا بەردەوامیی دەبێت بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی تورکیا و سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکیەکەیدا.

پرسیار: هەندێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەردۆغان بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو هەڵەیەکی مێژوویی کردوە، پێتوایە ئەردۆغان هەڵەیەکی کوشندەی لە ژیانی سیاسیی خۆیدا کردووە؟

حوسنی محەلی: مێژوو پڕە لە هەڵەی دەسەڵاتداران کە پێیان وایە بۆ هەمیشە بە‌هێزن، ئەردۆغان ماوەی 22 ساڵە حوکمی تورکیا دەکات بەبێ ڕکابەر، پێیوابووە دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی لە سودی ئەوە، دوای بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسیی و سەربازیی لە سوریا، لیبیا، سۆماڵ، عێراق و ئازەربایجان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

پرسیار؛ ئەگەر  حکومەتی تورکیا گوێ بە خۆپیشاندانەکان نەدات و ئیمامئۆغڵو لە زیندان بمێنێتەوە، پێتوایە دۆخی تورکیا ئاڵۆزتر دەبێت؟

حوسنی محەلی: بێگومان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و تەنانەت مەترسیدارتر دەبێت ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بڕیاری بەرگریکردن بە هەموو شێوەکان بدات.

پرسیار: لەم ڕۆژانەی دوایدا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بەهای لیرە دابەزیوە، چی بەسەر ئابووریی تورکیادا دێت گەر دابەزینی بەهای لیرە بەردەوام بێت؟

حوسنی محەلی: ئابووریی تورکیا لە بنەڕەتدا وێرانبوو، وڵاتەکە لەسەر لێواری مایەپووچبونی ئابووریی و داراییە، بەهۆی گەندەڵییەکانی حکومەتی ئێستا، لەسەر هەموو ئاستەکان کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، تەنیا لە چوار ڕۆژدا بۆرسەی تورکیا 40 ملیار، بانکی ناوەندیش 35 ملیاری خستە بازاڕەوە بۆ ڕێگریکردن لە پاشەکشەی بەهای لیرە، لە یەک شەویشدا کەسانی نزیک لە حکومەت پارەیەکی خەیاڵییان قازانج کردووە، لەهەمان کاتیشدا بەهای یەك دۆلار گەیشتوەتە 41 لیرە.

پرسیار: ئەگەری شۆڕشی نیشتمانیی یان کودەتا لە تورکیا، کراوەیە؟

حوسنی محەلی: کودەتا ئەگەرێکی دوورە، دوای ئەوەی ئەردۆغان کۆنترۆڵی دامەزراوە سەربازییەکانی کرد لەپاش کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2017، ئێستا هەموو جەنەڕاڵەکان وەلائیان بۆ ئەردۆغان هەیە. دەربارەی شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵک ئەوەیان ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام ئەردۆغان درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەموو جۆرە ڕێکارێکی سزادان بەرامبەر هەر کەسێك هەڕەشەبێت بۆسەر دەسەڵاتەکەی، لەوانە؛ داخستنی هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەستگیرکردنی سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران، هەر ئەمەشە شەقام دەخاتە دۆخێکی مەترسیدارەوە، کە ئێستا ئایندەی تورکیاش نادیارە.

پرسیار: دۆخی ئێستای سوریا چۆن دەبینن؟؟ پێتوایە تورکیا ڕێگە بە کوردانی سوریا دەدات مافەکانیان بەدەستبهێنن؟

حوسنی محەلی: بڕیار لە دیمەشق پەیوەستە بە ئیرادەی سەرۆك ئەردۆغانەوە، ئەنقەرە ڕێگە بە ئەحمەد شەرع نادات کورد مافەکانی لە سوریا بەدەستبهێنێت، مەگەر سەر بە ئەجێندای تورکیا بن، کە پێشتر تورگوت ئۆزاڵ ساڵی 1991 هەوڵی بۆدا، دواتریش ئەردۆغان دوای بەهاری عەرەبی ساڵی 2011 هەوڵی بۆدا ئەوەش لە چوارچێوەی نەخشەی "پەیماننامەی میللی" ساڵی 1920 کە تورکیا بەشێک لە باکووری سوریا و عێراق وەك بەشێك لە وڵاتەکەی تەماشا دەکات، ئاشتەوایی ئەنقەرەش لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و ئۆجەلانی سەرۆکی پارتەکە، تەنیا لە چوارچێوەی ئەو پلانەدایە.