سزاکانی سوریا دابەشبوون لە ئەمریکا دروست دەکات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 سەردانەکەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ دیمەشق لە کاتێکدایە کە دووبەرەکی لە نێوان ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا هەیە لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەمیشەیی یاسای قەیسەر.

ڕۆژی سێشەممە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا کۆبووەوە. 

ئیسحاق ئەندیکیان، پسپۆڕی بەڕێوەبردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە بەئاژانسی نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ دیمەشق لەکاتێکدایە دابەشبوون هەیە لەسەر لابردنی سزاکانی قەیسەر.

ئەو پسپۆڕە ڕونیکردەوە کە بەپێی دەستوری ئەمریکا، "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تەنها شەش مانگی ماوە بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایانە، ئێستاش نزیکەی نیوەی ئەم ماوەیەمان تێپەڕاندووە. لەم ماوەیەدا پێویستە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران کاربکەن بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا بدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دابەشبوون لەسەر ئەوەی کە ئایا دەیانەوێت سزاکان بە شێوەیەکی هەمیشەیی و تەواو هەڵبگرن، یان مەرجی زیادە بەسەر دیمەشقدا بسەپێنن، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزی و نەتەوەییەکان.
ئ.ه