شارپرێس:
عەلی حەسەن ئەبو ڕیزق توێژەری پەیوەندییە نوێدەوڵەتییەکان لەبابەتێکدا کە پێگەی "پراڤدا"ی ڕوسیی بڵاویکردوهتەوە، باسی لەوەکردوە، ئەدای سەربازی ئێران لەکاتی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ئیسرائیلدا توانایەکی سەرسوڕهێنەری نیشاندا کە چاودێرانی توشی سەرسامی کرد، بەپێچەوانەی تێکچونی بەرچاوی لایەنی ئەمنییو هەواڵگریی لەناوخۆی ئێران.
بەخێرایی وەرگرتنەوەی دەستپێشخەری
سەرەڕای ئەو لێدانە لەناکاوانەی ئیسرائیل کە ژمارەیەک فەرماندەی سوپاو سوپای پاسداران لەیەکەم ڕۆژی شەڕدا لەناوبرد، ئێران توانیی لەماوەی تەنها هەشت کاتژمێردا، وەڵامبداتەوەو چەند شارێکی ئیسرائیلی بۆردومانکرد، دەستپێشخەرییەکەی بەشێوەیەکی بێوێنەی وەرگرتەوە.
دزەکردنە ناو قوڵایی بەرگرییەکانی ئیسرائیل
جێگهی سەرسوڕمانە کە موشەکە بالیستییەکانی ئێران سەرکەوتوبون لەچونە ناو بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتوەکانی ئیسرائیل کە بریتین لەگومەزی ئاسنینو سیستەمی THAAD و پاتریۆتی ئەمریکی.
سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش فەرەنسا، بەریتانیاو ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لەم موشەکانە، ژمارەیەکی زۆریان بەوردپێکییەکی سەرنجڕاکێش بەردەوامبون لەڕێگەی خۆیان بۆ ئامانجەکانیان.
وهڵامی وردو بەئامانجگرتنی چۆنایەتی
لەهەڵکشانێکی دولایەنەدا، ئیسرائیل سەکۆکانی گازی ئێرانی کردە ئامانجو تارانیش بەهێرشێکی هاوشێوە بۆ سەر سەکۆکانی گازی ئیسرائیل لەحەیفا وەڵامیدایەوە.
هەروەک ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ئێران بۆردومانکرانو ئێرانیش بەلێدانێکی ورد لەئینستیتیوتی ویزمان وەڵامی دایەوە، کە یەکێکە لەناوەندە گرنگەکانی پەیوەست بەتوانا ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل.
جەنگی ئیستینزافی ڕۆژانە
داتاکان ئاماژە بەوەدەکەن، شەڕەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، کە دەرئەنجامو ماوەکەی پەیوەستە بەتوانای ئێران بۆ پاراستنی زەبری هێرشە موشەکییەکانیو گەیاندنی زیانی دوبارە بەئیسرائیل.
قەیرانی ئەمنیی لەناوخۆی ئێران
لەلایەکی دیکەوە، لاوازییەکی ئەمنیی ڕون لەناو ئێراندا دەرکەوتوە، دوای ئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان توانیان بۆردومان لەناوخۆی تاران ئەنجامبدەن، جگە لەتەقاندنەوەی هەشت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لەیەک ڕۆژدا، ئەمەش خەرقێکی گەورەی ئەمنی ئاشکرادەکات.
وا دیارە تەرکیزی ئێران لەسەر پەرەپێدانی توانا سەربازییو موشەکییەکانی بوە، لەکاتێکدا کە پرسی ئەمنیی وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە.
ئەگەری دەستێوەردانی ئەمریکا
لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتە خێرایانە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا لەململانێکاندا کرد، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەئەگەری بەدەستهێنانی سەرکەوتنی سەربازیی ئێران بەسەر ئیسرائیلدا دەرخست.
شیکارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، واشنتۆن هەوڵدەدات خۆی بپارێزێت لەخۆخلیسکاندن بۆ شەڕێکی درێژخایەن کە دەتوانێت بۆشایی ئەمنی لەناوچەکەدا دروستبکاتو ئەمەش سودی بۆ ڕوسیاو چین دەبێت.
