بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل: گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی f-35 بەتورکیا پوچەڵدەکەینەوە

جیهان

13/07/2025‌ 3466 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی هۆشداریدا لەمەترسییەکانی بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگیی  F-35ی ئەمریکی لەلایەن تورکیاوە، ئاماژەی بەوەکردوە، ئیسرائیل ترسی هەیە تورکیا لەداهاتودا ئەو فڕۆکەیە لەدژی تورکیا بەکاربهێنێت، بۆیە ڕێگریی لەو هەوڵە دەکات.


ڕۆژنامەی 'مەعاریف' ی عیبری لەسەر زاری ئەو بەرپرسە باڵایەوە کە ناوەکەی ئاشکرانەکردوە، بڵاویکردوه‌تەوە، ئیسرائیل هەنگاو دەنێت بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم نیازە ئەگەر پێویست بکات.

جەختی لەوەکردەوە، ئەنكەرە هەوڵدەدات هەژمونی عوسمانیی خۆی بگەڕێنێتەوە، لەوانەش لەسەر قودس.

مەعاریڤ ڕونیکردوه‌تەوە، ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە تەلئەبیب نیگەرانە لەوەی ئەنكەرە F-35  بەشێوەیەکی دوژمنکارانە بەکاربهێنێت، بەتایبەتیی دژی ئیسرائیل.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی لەگەڵ تورکیا کردوەو وەک ئەگەرێکی دور هەژماری کردوە، بەڵام جەختیکردوه‌تەوە، ئەو ئەگەر ڕوی لەزیادبونکردوە،  دوپاتیشیکردوه‌تەوە، پێشینە خۆپاراستنە لەزیادبونی گرژییەکان.

بەرپرسەکە جەختی لەوەکردەوە، ئیسرائیل پێیوایە کۆنگرێسی ئەمریکا دەتوانێت‌و تەنانەت پێویستە، ڕێگریی لەهەر مامەڵەیەکی فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بەتورکیا بکات.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن، ئیدارەی ئەمریکا نیازی هەیە مامەڵەیەکی جێگرەوە لەگەڵ تورکیا تاووتوێبکات کە فرۆشتنی دوو پۆل فڕۆکەی F-16 بلۆک 70 لەخۆدەگرێت، کە نوێترین مۆدێلی ئەم فڕۆکە بەناوبانگەو بەڕاداری AESA و سیستەمی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو تەیارکراوە.

هێزی ئاسمانیی تورکیا لەئێستادا نزیکەی 250-300 فڕۆکەیF-16ی هاوشێوەی ئەو مۆدێلەی هەیە لەئیسرائیل بەکاردێت، لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی کۆنی 'فانتۆم' کە هەندێکیان لەئیسرائیل نوێکراونەتەوە.

تورکیا لەبنەڕەتدا هاوبەشێکی فەرمی بوو لەپڕۆگرامی پەرەپێدانی فڕۆکەکانی F-35، بەڵام دوای کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسی S400 لەپڕۆژەکە دورخرایەوە، بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەدزەکردنی زانیاریی هەستیار بۆ مۆسکۆ.

مانگی ئایاری ڕابردوو، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، کە نیگەرانییەکی زۆر لەناو بازنەکانی ئەمنیی ئیسرائیلدا هەیە سەبارەت بەئەگەری فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتوەکانی F-35 لەلایەن واشنتۆنەوە بەتورکیا.