شارپرێس:
پەرلەمانی ئێران ئاشكرایكرد، لەناو پێڵاوی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئامێری سیخوڕیمان دۆزیوەتەوە.
حوجەتولئیسلام
سەید مەحمود نەبەوییان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیی پەرلەمانی ئێران
لەچاوپێكەوتننێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فارس، ڕەخنەی لەشێوازی کاری
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم گرت و ڕایگەیاند،" لەوەی چاودێرانی ئەو
ئاژانسە سیخوڕن، هیچ گومانێکمان نییە، ئەمە ڕاستییەکە و هەمووان دەیزانن".
ئاشكراشیكرد،"
کاتێک ئەوان دێنە ناو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە، دەیانپشکنین و
ئامێری سیخوڕیی لە ناو پێڵاوەکانیاندا دەدۆزینەوە".
ئاماژەی
بەوەشکرد،"بۆ نمونە ئیسرائیل چۆن زانی ئێمە لە نەتەنز دامەزراوەی
ئەتۆمیمان هەیە؟ ئەوان یان بە هۆی مانگە دەستکردەکانی ئەمەریکا یان لە
ڕێگەی سیخوڕەکانیانەوە بەوەیان زانیوە".
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی
ئەمنی پەرلەمانی ئێران وتشی،" وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێمە 10 ملیۆن
بەڵگەنامەی نهێنی لە ئیسرائیل وە دەست هێنا، لە ناو ئەو بەڵگەنامانەدا
دەرکەوت کە جەنابی گروسی ڕاپۆرتەکانی ئێمەی سەبارەت بە چالاکییە
ئەتۆمییەکانمان داوە بە ئیسرائیل!
لەدرێژەی چاوپێكەوتنەكەدا
نەبەوییان دەڵێت،" کاتێک دەڵێن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، سیخوڕیی بۆ
ئیسرائیل دەکات، لە خۆمانەوە ئەو قسەیە ناکەین، بەڵکوو بەڵگەی ڕاست و
تەواومان لەبەر دەستدایە. کاتێک چاودێرانی ئەو ئاژانسە دەیانەوێت سەردانی
دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان دەكەن، لەلایەن پاسەوانانی دامەزراوەکەوە
دەپشکێنرێن و ئامێری سیخوڕیی لەناو پێڵاوەکانیاندا دەدۆزرێتەوە! بۆ ئەوانە
دەیانەوێت کێ بخەڵەتێنن؟لەوەش سەیرتر، کاتێک ئێمە ڕاپۆرتەکانی خۆمان
دەدەینە گروسی و هاوکارەکانی، پاش ماوەیەکی کەم، ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکانمان لە
ڕۆژنامە ئیسرائیلی و ئەمەریکییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە! ئایا بەڕاستی ئەمە
شێوازی کارکردنی ئاژانسێکی نێودەوڵەتییە؟".
جەختیشی كردەوە،" لەبەر
ئەم هۆیانەیە، ئێمە ئامادە نین لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا کار
بکەین، تا ئەو کاتەی ئەوان شێوازی کارکردنی خۆیان دەگۆڕن".
ش.ح
