وردەکاریی دیداری شاندی سوریا لەگەڵ ئیسرائیلییەکان لەئازەربایجان ئاشکراده‌كرێت

جیهان

13/07/2025‌ 3148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەناڵی "کان"ی عیبری ئاشکرایکردوە، ڕۆژی شەممە لەئازەربایجان گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی ئیسرائیلی‌و سوریدا کراوەو چاوەڕواندەکرێت وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات کۆببنەوە.


کان لەڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، کاربەدەستانی حکومەتی ئیسرائیل لەگەڵ کاربەدەستانی سوریا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکردوە، لەوانە داواکاریی دیمەشق بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەباشوری سوریا.

هەروەک، چاوەڕواندەکرێت گیدئۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی دوشەممەی داهاتوو لەبرۆکسل لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا کاتی کۆبونەوەیەکی تایبەت دیارینەکراوە.

لای خۆیەوە، ڕۆژنامەی وه‌ته‌نى سوری جەختیکردوه‌تەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، بەشداریی لەهیچ کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا نەکردوە.

وه‌ته‌ن نوسیویه‌تى، "ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە پابەندکردنی ئیسرائیلە بەڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لەساڵی 1974، نەک ئاساییکردنەوە یان ڕێککەوتنی ئاشتی، چونکە هێشتا زوە".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئازەربایجان وەک "پلاتفۆڕمێکی دیپلۆماسیی نەرم" کاردەکات کە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل‌و هەماهەنگیی سیاسی لەگەڵ تورکیا کۆیدەکاتەوە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە خاڵێکی پەڕینەوەی گرنگ بۆ تێگەیشتنە ناراستەوخۆکان.

بەپەلە