شارپرێس:
ڕۆژی سێشەممە، حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ناسریە کە لە چوار بلۆکی گەڕان پێکهاتووە، هەروەها پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی بەلەد.
واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و شێڤرۆن بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ فرانک ماونت جێگری سەرۆکی کۆمپانیاکە و شاندی یاوەری، سودانی پێشوازی لە گەڕانەوەی کۆمپانیاکە بۆ سەر کارەکانی لە عێراق کردووە.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت ڕێبازێکی گرتۆتەبەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و وەبەرهێنانەکانیان لە عێراق بەتایبەتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
هەروەها ستایشی کارەکانی کۆمپانیاکەی کرد لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیای نەوت بۆ عێراق و ئەو سیاسەتە ژینگەییانەی کە لە کارەکانیدا لەسەر پڕۆژە نەوتییەکان پەیڕەوی لێدەکات.
ئ.ه