تائێستا زیاتر لە 470 کاندید لەهەڵبژاردنی داهاتوو دورخراونەتەوە

عیراق

19/08/2025‌ 133 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

ئەمڕۆ سێشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دورخستنەوەی زیاتر لە 470 کاندیدی لەهەڵبژاردنی داهاتوو ڕاگەیاند، هاوکات میکانیزمی گۆڕین و دورخستنەوەی کاندیدەکانی لە هەڵبژاردنەکان ڕوونکردەوە.

حەسەن قەباس، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، "ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا دورخراونەتەوە تا ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 470 کەس، دوایین لیست 253 کاندیدی تێدایە".

قەباس ڕونیشیکردەوە، "بەپێی یاسا، دوای ئەوەی کاندید یان لایەنەکە ئاگاداردەکرێتەوە لە بڕیاری دورخستنەوەی پاڵێوراو، سێ ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە حزب بۆ گۆڕینی کاندیدی دوورخراوە، لەکاتێکدا کاندید خۆی مافی ئەوەی هەیە لەبەردەم دەستەی دادوەری تانە لە بڕیارەکە بدات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمسیۆن دەزگایەکی بێلایەنە و هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە دوورخستنەوە یان بەشداریکردنی هیچ کاندیدێک، بەو پێیەی بڕیاری کۆتایی لە دەستەی دادوەرییە، ئەگەر کاندیدێک بڕیارێکی لەبارەوە بدرێت، ئەوا دەخرێنەوە سەر لیستەکانی هەڵبژاردن".

ئ.ه